پەکەکە لە باكوور هیچی پێناکرێ و وازیش لە هەرێم ناهێنێت

Kurd24

پەکەکە هێزێکی کوردییە و چەقی خەباتەکەشی باكووری کوردستانە، هیچ کەسێکی ئازادیخوازیش نە لە کورد و نە لە غەیرە کوردیش نییە، پەکەکەی پێ حەق تر نەبێ لە دەڵەتی تورک،  چونکە ئەم دەوڵەتە سادەترین ماف بە میللەتێکی بیست ملیۆنی رەوا نابینێ و بێ بەشی کردوونە لە هەموو مافێک،  میللەت و ناوچەیەکی هەژار و نەخوێندەواری بەسەریەکەوە داناوە، بەزەبری هێزی ئەمنی و سەربازی بەڕێوەی دەبات، هەرچەندە بەهاتنی ئاک پارتی بۆ دەسەڵات، بارودۆخی ئەو ناوچانە باشتربووە و رێگەی داون بە زمانی خۆیان بپەیڤن.

 بەڵام لەم ساڵانەی دوایی ئەردۆگان و حزبەکەی خەریکە لەم مافانە پەشیمان دەبنەوە و هاوپەیمانەتیان لەگەڵ نەتەوەپەرستانی تورک مەهەپە بەستەوە بۆ لێدان لە کورد و پڕۆسەی ئاشتیان وەستاندووە.

تا ئێرە هیچ کێشەمان لەگەڵ پەکەکە نییە و زۆریش یارمەتی هەردوولامان لە پەکەکە و دەوڵەتی تورک داوە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و بڕانەوەی شەڕ، بەڵام دیارە هەردوولا تا ئێستا سوورن لەسەر بەڕێوەبردنی شەڕ، زیاتریش ئەم بابەتە پەیوەستە بە دوڵەت و ئەوان نایەنە ژێر باری ئاشتی، هۆکارەکەش زیاتر هاوپەیمانەتی ئاک پارتییە لەگەڵ مەهەپەی رەگەزپەرست و ئەوانەی پێیاندەڵێن: گورگە بۆرەکان، بەهیچ شێوەک حەز لە چارەی کورد و هیچ نەتەوەیەکی تری غەیرە تورک ناکەن.

ئەو خاڵەی ئێمە لەگەڵ پەکەکە کۆناکەتەوە ئەو سیاستە هەڵەیە کە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات، پەکەکە سوورە کە خۆی حوکم لە هەرێم بکات، چەقی خەباتی خۆی کە باكووری کوردستانە جێ هێشتووە، دەیەوێت بەم سیاسەتە بەلایەنگرانی بڵێت: خەباتی ئێمە بەرهەمدارە، لەبیری کردووە و وادەزانێ خەڵکیش ئەمەی بیرچۆتەوە، پەکەکە نەهیچ چاکە و نەهیچ منەتێکی لەسەر هەرێم نییە، هەر بەهۆی هەرێمی کوردستانیشەوە ماوەتەوە و هۆکاری سەرەکیشە لە هاتنی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم، حەزیش دەکات تورکیا هەرێم داگیربکات، مادام ناتوانێ حوکمداری لێ بکات، چونکە لە بەرامبەر هەرێم و حزبەکانیش بەتایبەتی پارتی، هەست بە کەماتی و گرێیەکی دەروونی دەکات، چونکە ئێمە توانیومانە ئەم بەشەی کوردستان رزگار بکەین و حکومەت دروست بکەین، بەڵام پەکەکە نەیتوانیوە نەک گوندێک لە باكوور رزگار بکات، بەڵکو یەک بستی ئەو خاکەشی بەدەستەوە نییە، هەموو ئەو ناوانەی دایناون، وەک هەڕێمی میدیا و زاب و هەفتانین و چەندین ناوی عەنیکە تر، خاکی هەرێمە و خەڵکی ئەو گوندانەیان دەرکردوونە و خویان لە سەری دانیشتوون، لەهەر سەت سەر مەڕ و بزنی شوانکارێک، پێنج سەر وەردەگرن کە دەکەونە بەردەستیان، ئیدی ئەمەیە خەباتی کوردایەتیان لەهەرێم.

ئێستا بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیا ناتوانن لەسەر سنووریش بمێننەوە و هاتوونەتە خوار بۆ ناوجەرگەی هەرێم، ئەوان هەڵدێن و دێنە خوار، بەمەش دەستی تورکیا زیاتر ڕادەکێشن تا بگاتە ناوجەرگەی شارەکانی هەرێم، لە کاتێکی واشدا، ئەوان زیاتر شۆڕدەبنەوە بۆ ناو خاکی عێراق، لەوێشدا لەلایەن حەشدی شەعبی بەهۆی هاوپەیمانەتی هەردوولا لەگەڵ ئێران داڵدەیان دەدەن، ئەمە ئەجێندای پەکەکەیە لە هەرێم، ئێستا پرسیاری جەوهەری ئەمەیە، ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەوەستان دانیشێ و سەیری ئەم یاریەی پەکەکە و تورکیا بکات، تا ئەو کاتەی هەرێم بەتەواوی نوقمی ئاوەکە بکەن؟