له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی ئەمەریكا لیرەی توركی دابەزینێكی دیكەی بە خۆیەوە بینی

لیرەی توركی بەھاكەی دابەزی بۆ 8.4850 بەرامبەر بە دۆلار

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە، پێش ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمه‌ریكا، بەھای لیرەی توركی دابەزینێكی دیكەی نوێی بەخۆیەوە بینی و لەوانەشە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ببێتە مایەی گرژی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن.

ھەروەھا دابەزینی بەھایی لیرەی توركی دوای ئەو ئامارانەش ھات، كە ئاشكرایانكردووە، وێڕای ھەوڵ و جووڵەكانی بانكی ناوەندی توركی بۆ توندكردنی سیاسەتی دراوی لە توركیا، كەچی رێژەی ھەڵاوسانی ساڵانە لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 12%.

لیرەی توركی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ناكاراترین دراو بووە لە بازاڕەكانی تازەپێگەیشتوو، بەھاكەی لە 0.5 دابەزی بۆ 8.4850 بەرامبەر بە دۆلار و بەبەراورد لەگەڵ داخستنی دوێنێ، كە بەھاكەی 8.4400  بوو بەرامبەر بە دۆلار.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، دراوی توركی 30% بەھاكەی لەدەستداوە، بەھۆی مەترسییەكانی ئەگەری سەپاندنی سزاكانی رۆژئاوا لەسەر توركیا و نەمانی یەدەكی دراوی و تۆماركردنی تێكڕایی ھەڵاوسان لە خانەی دەیەكان.

شرۆڤەكارانی ئابووری توركیا دەڵێن: پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە لەوانەیە گرژی زیاتری تێبەكەوێت، ئەگەر كاندیدی كۆمارییەكان، جۆبایدن لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بباتەوە.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"