"دۆخی ئێستا بازاڕی نەوت زۆر مەترسیدارە"

داوایەك لە عێراق و رووسیا و سعوودیە دەكرێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی وزەی جەزائیر رایدەگەیەنێت، ھەوڵدەدەن عێراق، سعوودیە و رووسیا ، وڵاتانی دیكەی ئۆپێك پڵەس بھێننە ئەو بڕوایەی بتوانن ئاستی بەرھەمھێنان بە پارێزراوی بھێڵنەوە.

عەبدولمەجید عەتار، وەزیری وزەی جەزائیر لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەلەمان رایگەیاند، وڵاتەكەی پاڵپشتی درێژكردنەوەی جێبەجێكردنی ئەو ئاستەی بەرھەمھێنانەیە كە ئێستا لەلایەن ئۆپێك پڵەسەوە رێككەوتنی لەسەر كراوە،  بەو ئامانجەی كە رێگربن لە دابەزینێكی دیكەی گەورەی نرخی نەوتی خاو.

عەتار ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لە ھەوڵدان بە ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق، سعوودیە و رووسیا، بڕوا بە وڵاتانی دیكەی ئۆپێك پڵەس بھێنن بۆ ئەوەی بتوانن بۆ سەرەتای ساڵی داھاتوو ئاستی بەرھەمھێنانی ئێستای نەوت بە پارێزراوی بھێڵنەوە، چونكە دۆخی ئێستا بازاڕی نەوت زۆر مەترسیدارە و پێشبینی دەكرێت بەھۆی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا، نرخی نەوت جارێكی دیكە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت، بۆیە دەبێت وڵاتان رێكبكەون بۆ ئەوەی نرخی نەوت بۆ خوارووی 40 دۆلار دانەبەزێت. ئەوەش لە كاتێكدایە رێكخراوی وڵاتانی ھەناردەكاری نەوت ئۆپێك و ھاوپەیمانەكانی لە وڵاتانی نا ئەندام لە رێكخراوەكە، كە بە ئۆپێك پڵەس ناسراوە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بە كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانی رۆژانە بە كۆی

9 ملیۆن و 700 ھەزار بەرمیل و دواتر كە مانگی ئاب بۆ 7 ملیۆن و 700 ھەزار بەرمیل، ھەروەھا تا لە سەرەتاكانی 2021  بۆ 5 ملیۆن و 800 ھەزار بەرمیل و بەھۆی ئەو رێككەوتنەوە، توانرا لە چەند مانگی رابردوو نرخی نەوت لە سنووری 40 دۆلاری بۆ ھەر بەرمیلێك جێگیر بێت.