"پەكەكە كەمپی مەخمور دەكاتە سەربازگە"

پەكەكە لەگەڵ حەشدی شەعبی رێككەوتووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەرپرسی لقی 23 قەرەچووغی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەیەنێت، پەکەکە کەمپی مەخمووری کردووەتە بنکەی سەربازی بۆ ئەو مەبەستەش سەدان چەکدار رادەهێنێت، بۆ نانەوەی پشێوی و کاری تیرۆستی لە هەرێمی کوردستان دەشڵیت، پەکەکە رێککەوتی لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە و بەهۆی ئەو کارانەوە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری و کارەکانیان لەو  کەمپە راگرتووە.

لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە پەکەکە كەمپی مەخمووری وەک بنکەی سەربازی بەکار هێناوەو ئێستا كەمپەكە بووەتە جێگەی مەشق و راهێنانی سەربازیی بە منداڵ و گەنجان و گواستنەوەیان بۆ قەندیل و بەشێکيشى بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی  هەولێر بەکار دەهێنرين.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23 قەرەچووغی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "پەكەكە كەمپی مەخمووری لە شوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتییانی سڤیلەوە كردووە بە سەربازگە و گۆڕەپانێكی بۆ مەشق و راھێنان دروستكردووە، ئەم سیاسەتەی پەكەكە وا دەكات خەڵكێكی زۆر لەناو كەمپەكەش لێیان ناڕازی بن، بەڵام ناتوانن دەنگ ھەڵبڕن".

گوتیشی: "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە زیاتر سیاسەتی پەكەكە لەو ناوچانە روون بووەتەوە، لەگەڵ حەشدی شەعبی ھاوكار و ھەماھەنگە و چەك و پارەیان لێوەردەگرێت، بۆ جێبەجێكردنی ئەجندای نەیاران دژی ھەرێمی كوردستان".

چاودێرانی سیاسی پێانوایە ئەم کارانەی پەکەکە بە رێککەوتن و بەهاندانی وڵاتانە دژی هەرێمی کوردستان و هاوشێوەی شنگال لە کەمپی مەخمووریش رێککەوتنی لەگەڵ حەشدی شەعبی کردووە.

ھەر پەیوەست بەم پرسە مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی دەڵێ: "پەكەكە سیاسەتی بەرپرسەكانی جێبەجێ دەكات، بۆ نموونە دوران كاڵكان سەركردەی پەكەكە رایگەیاندبوو، كە لەگەڵ ئێران و توركیا رێككەوتوون دژی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، واتا ئەوان دژی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان و ھەرێمی كوردستان سیاسەتی وڵاتان جێبەجێ دەكەن. ھەروەھا جەمیل بایك گوتویەتی، ئێمە ئامادەیین ھێز بنێرینە سەر پێشمەرگە".

پەکەکە رۆژ دوای رۆژ سیاسەتی شەڕ فرۆشتن و تێکدانی دۆخی ئەمنی و پەلکێش کردنی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان  بە پیلانی وڵاتان  دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات. جگە لە تەقاندنەوەی بۆری نەوت، ئێستا کەمپی مەخمووریشی کردووەتە بنکەی سەربازی و لەوێوە چەکدار بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان رادەھێنێت.