بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانكێ: بەھۆی پەكەكە زیاتر لە 40 گوندی ناوچەكە چۆڵكراون
K24 – دھۆك
بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانكێ لە دەڤەری ئامێدی باسی پەلامارەكەی پەكەكە بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە دەكات و راشیدەگەیەنێت، بەھۆی چەكدارانی پەكەكە زیاتر لە 40 گوندی سنووری شارەدێی چەمانكێ چۆڵكراون.
ئەلەند ئەمیر، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانكێ لەبارەی پەلاماری پەكەكە بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "كاتێك ھێزەكانی پێشمەرگە سەنگەرەكانیان لەو ناوچەیە بەسەر دەكردەوە، بۆمبێك بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكەیانی پێشمەرگەدا تەقییەوە، ھاوكات لەلایەن چەكدارانی پەكەكە تەقەیان لێكرا، بەو ھۆیەوە پێشمەرگەیەك شەھیدبوو ژمارەیەك پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون".
ئاماژەی بەوەشكرد: "بەھۆی ئەو رووداوە ترس و دڵەراوكێ لەناو دانیشتووانی سنوورەكە دروستبووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانكێ، ئاشكرای كرد: "بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە وایكردووە، تائێستا زیاتر لە 40 گوندی سنووری چەمانكێ چۆڵكراون، بەھۆی ئەوانەوە گوندەكان لەلایەن توركیاوە بۆردومان دەكرێن".