جه‌مال عه‌بدوڵڵا: ده‌بێت هێرش بكرێته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ و لێیان بدرێت و ته‌مێ بكرێن

پەكەكە ھی ئاشتی و ئاشتەوایی نییە. ھیچ ئاشتییەك لەگەڵ پەكەكە سەرناگرێ

K24 – ھەولێر:

جەمال عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی لەمیانی بەشداریكردنی لە گەشتی ھەواڵەكانی كوردستان24 رایگەیاند، پەكەكە بەشێكە لە پڕۆژەی وڵاتانی داگیركەری كوردستان و بەرنامەی ئەوان جێبەجێدەكات و ئیلهامی له‌ رێكخراوه‌ چه‌په‌كانی فه‌له‌ستینی وه‌رگرتووه‌ و هه‌مان سیاسه‌تی ئه‌وان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ بڕوای وایه‌، هه‌رێمی كوردستان  نابێت چاوه‌ڕوانی په‌كه‌كه‌ بكات، تا هێرش بكاته‌ سه‌ری، به‌ڵكو "دەبێت ھێرشیان بكەیتەسەر و لێیان بدەیت و تەمبێیان بكەیت. نابێت یەك بست لە خاكی ھەرێمی كوردستان ھەبێت پەكەكەی تێیدا بمێنێت".

كار و كردەوه‌كانی پەكەكە لە كار و كردەوەكانی رێكخراوەكانی فەلەستینی لە ئوردن لە ساڵانی 1968 تا  و1970 دەچێت و ھەمان سیاسەتی ئەوانی ھەیە. رێكخراوە فەلەستینیەكان، فەتح، بە سەرۆكایەتی یاسر عەرەفات، بەرەی میللی، بەسەركردایەتی جۆرج حەبەش، بەرەی دیموكراتی، بەسەركردایەتی نایف حەواتمە، دوای ئەوەی ئەمانە لە شەڕی 1967 دۆڕان لەسەر سنووری ئوردن فەلەستین بنگە و بارەگای خۆیان دانا. دوای ئەوەی ئیسرائیل فشاری خستەسەریان بەرەو قوڵایی خاكی ئوردن چوون تا گەیشتنە ناو عەمانی پایتەختی ئوردن. درووشمەكانیان لە فەلەستیین لە چنگ ئیسرائیل رزگاردەكەین، بووە ئوردن لە چنگ ئیسرائیل رزگاردەكەین! لە كاتێكدا ئوردن خاوەن سەروەری، سەربەخۆیی وسەقامگیری خۆی بوو و ئوردن جێگای بۆ كردبوونەوە و یارمەتیشی دەدان. كار گەیشتە ئەوەی  درووشەمەكانیان ببێتە دژ بە ئوردن. خەڵكییان لە سەر جادە دەستگیر دەكرد، پشكنینینی ئۆتۆمبێلی مەدەنی و سەربازییان دەكرد، ئەفسەرانی دیوانی شاھانەیان دەڕفاند، خەڵكیان دەكوشت، فڕۆكەیان دەڕفاند و كار گەیشتە ئەوەی پێش ئەیلوولی ساڵی 1970 لە %80 گەڕەكەكانی عەمان داگیر بكەن. دوو جاریش ھەوڵی كوشتنی "شاھ حوسێن"یان دا و سەربازێكشیان لەو ھەوڵانەدا كوشت. ئێستاش پەكەكە ھەمان سیاسەتیان ھەیە دژ بە حكومەتی ھەرێمی كوردستان. چونكە پەكەكە لەگەڵ توركیا دۆڕاون و ئیفلاسیان كردووە. ئەوان ئەو ھەموو ساڵە لە قەندیل ماونەتەوە بەبێ ئەوەی بتوانن بستێك لە خاكی باكوور رزگاربكەن، ئەمە نیشانەی دۆڕانە. لە 1982وە پەكەكە لە قەندیلە و 38 ساڵە ھەموو ساڵێك ھەر شكست دێنێ. تا ئێستا نەیتوانیوە لە باكوور ھیچ بكات، جگە لەوەی گەر جار جار سەربازێك لە پشوو گەڕابێتەوە و كوشتبێتیان، یان خەڵكی سڤیل ومامۆستایانیان كوشتبێت؛ ئه‌گینا پەكەكە ھیچی دیكەی نەكردووە. كە 38 ساڵە لە بەرامبەر توركیا دۆڕاوی؛ بۆچی رووت وەردەگیڕی و ھێرشی سەربازی دەكەیتە سەر ھەرێم.

لە وه‌ڵامی پرسیارێكدا، كە ھەرێمی كوردستان، وەك لانه‌یه‌كی ئارام بۆ تەواوی پارچەكانی دیكەی كوردستان، ئایا ئەمە چ زیانێكی بۆ پەكەكە ھەبووە تا بەم شێوەیە پەلاماری ھەرێمی كوردستان بدات؟

جەمال عەبدوڵلا گوتی: لە ساڵی 1982 ئیسرائیل پەلاماری رێكخراوە فەلەستینییەكانی دا لە دەشتی بیقاع، ئەو كات پەكەكە لەوێ مەشق و راھێنانیان لەگەڵ ئەو رێكخراوانە دەكرد. بۆیەش دەڵێم لەرووی سیاسی و سەربازییەوە پەكەكە كاریگەرن بەو رێكخراوە كۆنانەی فەلەستینی بەتایبەتی ماركسییەكانیان. ئەو كاتە خراپ لێیان قەوما و جەنابی سەرۆك بارزانی، لە سۆنگەی دڵسۆزی و پەرۆشیی كە كوردن و لێیان قەوماوە، دەرفەتی بەوانەی مابوون دا بێنە ئەو ناوچە رزگاركراوانەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوەی پەڕاگەندە نەبن و لەناو نەچن. ئەگەر ئەمە نەكرابایە، پەكەكە ھەر ئەو كاتە لەناو دەچوون. سەیر لەوەدایە، ئەو كات ئۆجەلان و پەكەكە لە دیمەشق بوون، بەڵام سووریا رێگای پێنەدان ھێرش بكەنە سەر توركیا. دوای یەك ساڵ لە جێكردنەوەیان لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، لەساڵی 1983 بە خیانەت و فێڵكردن لە پارتی و لە سەرۆك بارزانی، بنكە و بارەگاكانی خۆیان گواستەوە بۆ سێگۆشەی خواكوڕكی سنووری لە نێوان عێراق، ئێران و توركیا. پەكەكە لەو ساڵەوە بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ پێشمەرگەی كوردستان و ئێستاش بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی ئەو رێكخراوانەی فەلەستینی، دەركەوت ئەو كات حزبی بەعسی عێراق و سووری لەگەڵ ئەو رێكخراوانەی رێككەوتبوون كودەتایەك بكەن بەسەر شا حوسێندا لە ئوردن. بۆیەش دڵنیام گەر دەزگای ھەواڵگری بەوردی بەدوای ئەم بابەتەدا بڕوات، دەردەكەوێت پەكەكە پێش ئەم پەلامارانەی لەگەڵ دەزگای ھەواڵگری دەوڵەتە داگیركەرانی كوردستان كۆبووەتەوە بۆ لێدان و رووخاندنی ئەم حكومەتەی ھەرێمی كوردستان. بۆیە ئامانجی پەكەكە رووخاندنی ئەم دامودەزگا شەرعیانەی ھەرێمی كوردستانە.

لەوڵامی پرسیارێكدا، بۆ چی پەكەكە دامودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج؟ جەماڵ عەبدوڵلا گوتی: چونكە داگیركەرانی كوردستان دەیانەوێت ئەم ھەرێمە بڕۆخێنن و پەكەكە بەشێكە لە پڕۆژەی داگیركەرانی كوردستان و بەشێك نییە لە پڕۆژەی كوردی و كوردستانی و لە مێژە وازی لەم پڕۆژەی كوردستانی ھێناوە و چووەتە نێو پڕۆژەیەكی داگیركەرانی كوردستان، نەوەك ئەرێ پەكەكە تۆ ھەرێم لە چی رزگار دەكەیت؟! ئایا ھەرێمی كوردستان چی لە پەكەكە كردووە؟!  پەكەكەیە ھێرش دێنی و نایەڵێت گوندەكان ئاوەدان بكرێنه‌وه‌، خەڵك دەڕفێنی، بەرپرسی ھەرێم تیرۆر دەكات، لە كۆنسڵخانەكانی ئێرە خەڵكی دیپلۆماسی تیرۆر دەكات، مناڵ دەڕفێنێ و گومرگ دادەنێ.

ھەندێك میدیا دەڵێن: پەكەكە لەگەڵ پێشمەرگەكانی پارتی شەڕیه‌تی! ئایا لەگەڵ پارتییە یان لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستانە؟! ئەگەر شەڕی لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستان نییە؛ بۆچی پەكەكە لە بەمۆ، ھەورامان، ئاسۆس و مەمەندە گومرگی داناوە؟! ئایا پێشمەرگەی پارتی لەو شوێنانە ھەیە؟! ئایا گومرك سەندن لەو ناوچانە دژی پارتییە یان دژی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە؟! بۆیە پەكەكە دژی ھەموو قەوارەی ھەرێمە. ئایا لە 1992 پەكەكە دژی كێ شەڕی كرد؟ ئەو كات تازە پەرلەمان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان دامەزرابوو و ھێرشیان دەكردە سەر پێشمەرگە و حكومەت! لە ساڵی 2000 لە قەرەداغ پەلاماری پێشمەرگەی یەكێتیی دا بۆیە ئەوانەی دەڵێن: پەكەكە شەڕ لەگەڵ پارتی دەكات ھەڵەن. ئایا ئەو كات دەیویست لە قەرەداغەوە بچێتە ئیمڕاڵی و ئۆجەلان ئازاد بكات؟! دیارە ئەم جارە دەیەوێت لە "چەمانكێ"وە بچێتە ئێمڕاڵی و ئۆجەلان رزگار بكات؟!

لە وەڵامی پرسیارێكد، ئایا بۆچی دوای رێكەوتنی شنگال پەكەكە جموجۆڵەكانی دژ بە ھەرێم زیاد كرد و دواتر گەیاندیە شەڕ؟ ئایا دۆخی شنگال چی بەسەر دێت؟ جەمال عەبدوڵڵا گوتی: پەكەكە سەرئێشە درووستدەكات؛ بەڵام ئەنجامەكەی شكستە. بۆیە باسی رێكخراوە فەلەستینییەكانم كرد، چونكە ئێستا ئوردن و حكومەتەكەی ماوە، ئەوەی نەماوە ئەو رێكخراوانەبوون، كە دژی بوون و ھەندێكیشیان ھەر ناویشیان نەماوە. كە خۆت كرد بەبەشك لە پڕۆژەی ھەواڵگریی دژ بە یاسا و شەرعیەت؛ ئەنجامەكەی ھەر شكست دەبێت. چونكە شنگال ناوچەیەكی كوردستانییە لە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم تا ئەو كاتەی بەپێی ماددەی 140 چارەسەردەكرێت. دوو حكومەتی شەرعی ھەیە، عێراق و ھەرێم، رێككەوتوون بە پشتیوانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی گەورە پشتیوانی ئەو رێككەوتنەیان كردووە، بەڵام پەكەكە چی دەوێت؟ ئەگەر پرسیار بكەین كێ لە مانەوەی شنگال بەو رەوشەی ئێستا سوودمەندە؟ وەڵامەكەی بێگومان حەشدی شەعبی و ئێرانە. بۆیە پەكەكە لە نێو ئەو پڕۆژانەیە و نایەوێت رێككەوتنەكە جێبەجێبكرێت.

وێڕای كارە شەڕانگێزی و سەرەڕۆییەكانی پەكەكە كەچی ھەرێم بەردەوام بانگەشەی ئاشتی كردووە و نایەوێت بكەوێتە ناو پلانەكانی پەكەكەوە، بەڵام پەكەكە سوورە و ئەوەی لە "چەمانكێ" روویدا وەڵامی پەكەكەیە، ئەگەر پەكەكە بەردەوام بێت ھەرێمی كوردستان دەبێت چی بكات؟ لە وەڵامدا جەمال عەبدوڵڵا گوتی: من لەگەڵ شەڕ نیم وەك پرێنسیپ، بەڵام لەگەڵ حزبێكی دیكتاتۆر و ھەڵخزاو بۆ ناو پڕۆژەی داگیركەرانی كوردستان وەك پەكەكە، بەڕاستی دەبێت نەك چاوەڕوانی بكەیت ھێرشت بكەنەسەر، بەڵكو دەبێت ھێرشیان بكەیتەسەر و لێیان بدەیت و تەمبێیان بكەیت. نابێت یەك بست لە خاكی ھەرێمی كوردستان ھەبێت پەكەكەی تێیدا بمێنێت، ئەمە رای خۆمە. چونكە تا تۆ لە پێگەی بەرگری بیت ئەوان ھەر دێنە پێشەوە. بەڕای من پەكەكە ھی ئاشتی و ئاشتەوایی نییە. ھیچ ئاشتییەك لەگەڵ پەكەكە سەرناگرێ، چونكە پەكەكە خۆی نییە، پەكەكە ئامرازە بەدەست داگیركەرانی كوردستانەوە. بۆیە ئەگەر بتەوێت رێك بكەویت دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانە رێكبكەویت ئەوانەی لە پشتەوەی پەكەكەن بۆ ھەڵدێران و لەناوبردنی ئەو قەوارەیە.