یەكێتی ئەوروپا: رێكارەكانی توركیا گرژی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست زیاد دەكات

یەكێتی ئەوروپا، جەختیكردەوە لەسەر راگرتنی گشت رێكارەكانی یەك لایەنە و دەستپێكردنی دانوستانی "نیازپاكی"

K24 – ھەولێر:

یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ھەنگاوەكانی توركیا لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا "گرژی و بێمتمانەیی زیاد دەكات" لە ناوچەكەدا. جەختیشیكردەوە لەسەر راگرتنی گشت رێكارەكانی یەك لایەنە و دەستپێكردنی دانوستانی "نیازپاكی".

دەستەی سیاسەتی دەرەوەی لە یەكێتی ئەوروپا، لە راگەیاندراوێكدا گوتی: ئەم ئاگاداركردنەوەی ئەم دواییە بەڕێگای ناڤتێكس و بەردەوامبوونی توركیا لەسەرئەنجامدانی رووپێوی سیزمی لە ناوچە دەریاییەكانی یۆنان و قوبرس، لە سایەی ھەوڵەكانی بونیاتنەر لە گشت ئاستەكانەوە بۆ ئەنجامدانی دانوستان، جێگای داخە".

دەستەكە گوتیشی: "ئەمە جۆرێكی دیكەیە لەو رێكارانەی، كە جێگای داخە گرژی و بێمتمانەیی لە ناوچەكە زیاتر دەكات لە جیاتی ئەوەی بەشداری لە چارەسەری درێژخایەن بكات".

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە، "دانوستانی بونیاتنراو لەسەر نیازپاكی و راگرتنی رێكارە یەكلایەنەكان دوو توخمی سەرەكین بۆ گەیشتن بە كەشێكی سەقامگیر و ئارام لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و پێشخستنی پەیوەندییەكانی ھاوكاری و سوودمەندی دوولایەنە لەنێوان یەكێتی ئەوروپا و توركیا. دەبێت ناكۆكییەكان گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بكرێن.

چەند مانگێكە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست گرژییەكی زۆر بەخۆوە بینیوە لە ئەنجامی كاری كنە و پشكنینی توركیا بەدوای سەرچاوەكانی وزە لە ئاوەكانی قوبرس و یۆناندا، و چەندین جار یەكێتی ئەوروپا، پشتیوانی خۆی بۆ ھەڵوێستەكانی ئەم دوو وڵاتە دەربڕیوە و رەخنەی لە رێكارە "نایاساییەكانی" توركیای گرتووە و ھەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر لە توركیادا كردووە.

ھەر ئەمڕۆ، قوبرس ئاگادارییەكی بەڕێگای سیستەمی "ناڤتێكس"ی دەریاوانی بڵاو كردەوە و داوای لە توركیا كرد، كەشتییەكەی بە ناوی "RV Barbaros Hayreddin Pasa"  لەو ئاوە بكشێنێتەوە، كە نیقۆسیا بە ھی خۆیی دادەنێت.