بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی شیعه له‌سه‌ر "رێبازی خومه‌ینی" له عێراق دامه‌زرا
K24 – هه‌ولێر:
له عێراق بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێی سیاسی له ژێر ناوی "عه‌هدوڵڵا" راگه‌یه‌ندرا و ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه خۆی وه‌ك شوێنكه‌وته‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهی كۆماری ئیسلامی ئێران ناساند و كه‌سایه‌تی ئاینی مه‌زهه‌بی شیعه، "هاشم حه‌یده‌ری" سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
ئه‌و بزووتنه‌وه نوێیه له به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیدا رایگه‌یاند، ویلایه‌تی فه‌قیهی "رووحوڵڵا خومه‌ینی" دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران، رێبازێكه له سنووری وڵاتێكدا قه‌تیس نامێنێـته‌وه و بۆ وڵاتانی دیكه‌شه.
راگه‌یاندنی ئه‌م بزووتنه‌وه مه‌زهه‌بییه سیاسییه‌ی شیعه له عێراقدا، هاوكاته له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاری لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، كه بڕیاره له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتوو بكرێت.
"هاشم حه‌یده‌ری" به كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك و وابه‌سته به كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ناسرێت. ئه‌و له به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه، "ئێمه نه‌وه‌ی په‌یمانی خوداین. رۆڵه‌ی خامنه‌یی و خومه‌ینین له عێراق. بزووتنه‌وه‌كه‌مان مه‌زهه‌بییه و بڕوایه‌كی پته‌ومان به ئیسلام و سه‌ركردایه‌تی ئومه‌تی ئیسلام هه‌یه".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "ئامانجی بزووتنه‌وه‌كه‌مان و پلان و پڕۆژه‌ی بریتییه له ئیسلام و ویلایه‌تی فه‌قیهـ، ئێمه بڕوامان به‌وه‌یه ئاین ده‌بێت ژیان رێكبخات و بڕوای ته‌واومان به رێبازی خومه‌ینی هه‌یه. ئه‌و رێبازه په‌یوه‌ست نییه به وڵاتێكه‌وه به ته‌نیا و ته‌نیا بۆ یه‌ك گه‌ل نییه، به‌ڵكو بۆ هه‌موو وڵاتێك و هه‌موو گه‌لێكه".
له باره‌ی پڕۆگرامی بزووتنه‌وه‌كه‌وه، له به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه: "بزووتنه‌وه‌ی عه‌هدوڵڵا بڕوای به ویلایه‌تی فه‌قیهـ هه‌یه، سه‌ركردایه‌تی ئومه‌ت ده‌بێت له ده‌ستی فه‌قیهـێكی دادوه‌ر و سه‌ركرده و موجته‌هیددا بێت و زۆریش ئاماده‌ین شوێنپێی مه‌رجه‌عیه‌تی عه‌لی سیستانی هه‌ڵبگرین و به ژیانمان قوربانی بۆ بده‌ین".
له عێراقدا ژماره‌یه‌ك مه‌رجه‌عی شیعه هه‌ن، كه په‌یڕه‌وكارانی ئه‌و مه‌زهه‌به شوێنپێیان هه‌ڵده‌گرن و گرنگترین مه‌رجه‌عیان، مه‌رجه‌عیه‌تی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانییه، كه له ناو ناوه‌ندی شیعه‌دا به مه‌رجه‌عیه‌تی "بێده‌نگ" ده‌ناسرێت و ده‌ستوه‌ردانی له كاروباری سیاسی به‌راورد به مه‌رجه‌عه‌كانی دیكه كه‌متره و بڕوای وایه، ده‌بێت بێده‌نگی كاروباری مه‌زهه‌بی ببات به‌ڕێوه و راسته‌وخۆ هه‌وڵی به‌شداریكردن له سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات نادات.
هاوكات ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته، به مه‌رجه‌عێكی فارسی ده‌ناسرێت و مۆركی عه‌ره‌بی پێوه نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی دوای كوژرانی ئایه‌توڵڵا خوئی، مه‌رجه‌عیه‌تی سیستانی زیاتر پێگه‌ی خۆی له عێراق به‌هێز كرد و عه‌لی سیستانی، خه‌ڵكی گوندی سیستانه له ئێران.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته‌دا، مه‌رجه‌عیه‌تی سه‌درییه‌كان هه‌یه، كه ره‌چه‌ڵه‌كی عه‌ره‌بییه و موقته‌دا سه‌در وه‌ك نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی محه‌ممه‌د باقر سه‌در و محه‌ممه‌د محه‌ممه‌د سادق سه‌دری باوكی نوێنه‌رایه‌تی ره‌وته مه‌زهه‌بی و سیاسییه‌كه‌ی ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته ده‌كات و بڕوای به كاری سیاسی و به‌شداری له ده‌سه‌ڵات هه‌یه و له ململانێشدایه له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عیه‌تی سیستانی و خۆی به شوێنكه‌وته‌ی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهی ئێران نازانێت، كه بنه‌مای سه‌ره‌كی ده‌ستووری كۆماری ئیسلامی ئێرانه.
له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق، به سه‌رۆكایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌لحه‌كیم له ئێران دامه‌زرا، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه كه ئێستا "عه‌مار حه‌كیم، كوڕی عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم" سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به ره‌سمی سیستمی "ویلایه‌تی فه‌قیهی" وه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی كاركردن و بیروباوه‌ڕی قبوڵ كرد و له چه‌ند ساڵی رابردوودا بڕیاری دا، رووگه‌ی سیاسی خۆی له ئێرانه‌وه به‌ره‌و عێراق وه‌ربگێڕێت و په‌یوه‌ست بێت به مه‌رجه‌عیه‌تی عێراقییه‌وه.
مه‌رجه‌عه شیعه‌كانی عێراق، له باره‌ی مانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له عێراق بۆچوونیان جیاوازه و سیستانی له (2008)دا، چاودێری سه‌ره‌كی ئه‌و رێككه‌وتنه ستراتیژییه بوو، كه ئه‌مه‌ریكا و عێراق واژوویان كرد و تێبینی و ره‌خنه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌تی سیستانی له‌به‌رچاو گیران.
"حه‌یده‌ری"، كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (4ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020)، بزووتنه‌وه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، هیچ ئاماژه‌یه‌كی به هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق نه‌كردووه.
هه‌روه‌ها هیچ ئاماژه‌یه‌كی به په‌یوه‌ست بوون به‌و ئاگربه‌سته رانه‌گه‌یاندووه، كه پێشتر گرووپ و میلیشیا شیعه‌كان له به‌رامبه‌ر هێزه ئه‌مه‌ریكایی و بیانییه‌كانی دیكه رایانگه‌یاندبوو.
شاره‌زایانی سیاسی و یاسایی له عێراق پێیان وایه هه‌ر لایه‌نێكی نوێی سیاسی درووست ببێت، پێویسته پابه‌ندی ده‌ستوور و یاسا ناوخۆییه‌كانی عێراق بێت و ناكرێت له ناو عێراقدا هێز و لایه‌نی سیاسی ئه‌وتۆ هه‌بن، كار بۆ ئه‌جێندای ده‌ره‌كی بكه‌ن و وابه‌سته‌ی وڵاتێكی ده‌ره‌كی بن.
له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه نه‌یویستووه ناوی بهێنرێت، رایگه‌یاندووه، درووستبوونی هێزی چه‌كداری و سیاسی وابه‌سته به ئێران له عێراقدا مه‌ترسی زۆری به‌دوادا دێت، چونكه سیاسه‌تی عێراق ناته‌بایه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئێران.
به گوێره‌ی یاسای حزبه‌كانی ساڵی (2015)ـی عێراق، نابێت هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی عێراق پشتیوانی دارایی و كۆمه‌كی ماڵیی بكرێن و په‌یوه‌ست بن به ئه‌جێندای ده‌ره‌كییه.
مواقع تنقل كلمة هاشم الحيدي الذي يعلن فيها تأسيس حركة عهد الله الاسلامية pic.twitter.com/IGJh2jchcM
— &TheGodFather& (@TheGodFather10q) November 3, 2020