سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: هێرشی په‌كه‌كه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت و به توندی سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له باره‌ی په‌لاماری ئه‌مڕۆی چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: دووپاتیدەکەینەوە، كه پێویستە په‌كه‌كه رێز لە قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هەرێمى كوردستان و حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت و شەڕ و گێچەڵ لە کوردستان دوور بخاته‌وه.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه
هێرشی ئەمڕۆی پەکەکە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا و لە ناحیەی چەمانکێ له سنووری پارێزگای دهۆک كه تيايدا پێشمه‌رگه‌يه‌ك شه‌هيد و ژماره‌يه‌كى ديكه‌ش بريندار بوون، پێشهاتێكى مه‌ترسيداره و به توندى سه‌ركۆنه‌ى ده‌كه‌ين. ئه‌م هێرشه هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هێرشە بۆ سەر ژیان و ئارامیی خەڵک و خاکی کوردستان.
لە کاتێکدا گەلی کوردستان گیرۆدەی چه‌ندين قەیران و کێشەیه، ئەم شەڕپێفرۆشتن و بارگرژییە له‌لايه‌ن په‌كه‌كه‌وه، دۆخی هه‌رێمی کوردستان و گەلەکەمان دووچاری نەهامەتیی زیاتر دەکاته‌وه و كه‌س تيايدا براوه نييه.
وەک هەمیشە دووپاتیدەکەینەوە، كه پێویستە په‌كه‌كه رێز لە قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هەرێمى كوردستان و حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت و شەڕ و گێچەڵ لە کوردستان دوور بخاته‌وه.
سه‌ره‌خۆشى له خێزان و كه‌وسوكارى پێشمه‌رگه‌ى شه‌هيد (هێرش جەوهەر محه‌مه‌د) ده‌كه‌ين و هاوخه‌ميانين، هیوای زووچاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکانمان دەخوازين، داواکارين هەموو كێشه‌كان بە دانايى و دانبەخۆداگرتن چارەسەر بکرێن و دۆخه‌كه لەوە زیاتر پەرەنەستێنێت.
سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان
4/11/2020