پەرلەمانتارێك: لەوانەیە عێراق لە نیسانی داھاتوو ئیفلاسی خۆی رابگەیەنێت

قەرزكردن لە یاسای كورتھێنانی پارە تەنھا لە چوارچێوەی دابینكردنی مووچە و پێداویستیەكانی خۆراك و دەرمان دەبێت

K24 – ھەولێر:

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ده‌ستنیشانی كاتی ئیفلاسكردنی عێراقی راگەیاند و ھۆشداریدا لەوەی پەنا ببردرێتە بەر قەرز بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران.

عبدولھادی سەعداوی، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ (بغداد الیوم) گوتی: "پەنابردنی حكومەتی عێراق بۆ راكێشانی پارە لە بانكی ناوەندی و بانكە حكومییەكان لە پێناو دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، واتە عێراق لە مانگی نیسانی 2021 ئیفلاسی خۆی رادەگەیەنێت و ئەمەش كارێكی مەترسیدارە و دەبێت ئاگاداربین".

گوتیشی: مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت پەیوەست نییە بە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمە ئەركی دەسەڵاتی راپەڕاندنە (حكومەت)، بەڵام ئێمە پشتیوانی ھەر رێكارێكی مەعقوڵ دەكەین بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی بە پەلە، لەگەڵ رێگرتن لە بەھەدەردان و یاریكردن بە سەرمایەی گشتی".

پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختیكردبووە لەوەی ئاراستەیەك ھەیە لەوەی گوژمەی قەرزكردن لە یاسای كورتھێنانی پارە تەنھا لە چوارچێوەی دابینكردنی مووچە و پێداویستیەكانی خۆراك و دەرمان بێت.

ئەحمەد سەففار، بڕیاردەری  لیژنەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لیژنە گوێبیستی روانینی حكومەت بووە لە بارەی خەرجكردنی داراییی یاسای پارەداركردنی كورتھێنان".

گوتیشی: "لیژنە چاوەڕێی وەڵامی ئەو پرسیارەیە، كە ئاراستەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران كراوە سەبارەت بە ئەگەری دابینكردنی مووچە لە حاڵەتێكدا ئەگەر بڕیار لەسەر یاسای كورتھێنان نەدرێت، دوای ئەوەی دەستنیشانی گوژمەی قەرز دەكرێت".

عێراق لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تاكو ئەمڕۆ، بەدەست دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشانەوە دەناڵێنێت، لە ئەنجامی داڕمانی نرخی نەوت، بەھۆی ئەو داخستنەی جیھان بەخۆیەوە بینی لە میانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.