حکومەتی عێراق هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە ئیدانە دەکات

حکومەتی عێراق، هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ سنووردانان بۆ ئەو دەستدرێژیانە

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری دهۆک ئیدانە دەکات و، بە هێرش بۆ سەر سەروەریی وڵاتی دادەنێت، هەروەها رێوشوێنی پێویست لەدژیان دەگرێتەبەر.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5-11-2020) راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری دهۆک بڵاوکردەوە.

چەکدارانی پەکەکە دوێنێ TNTـیان بۆ کاروانێکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لەسەر رێگەیان لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک دانا.

دوای تەقینەوەی TNTـییەکە، شەڕ لەنێوا هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی پەکەکە روویدا. بەگشتی لەئەنجامی تەقینەوە و رووبەڕووبوونەوەکەش، پێشمەرگەیەک شەهید بوو و دووانی دیکە بریندار بوون.

دەقی راگەیەندراوەکە:

حکومەتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد، کە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای دهۆک کردیانە سەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

حکومەتی عێراق جەختدەکاتەوە لەوەی بەتووندی ئەو هێرشە رەتدەکاتەوە کە لەنێو خاکی عێراق ئەنجامدراوە و بە دەستدرێژیکردنە سەر سەروەریی عێراق هەژماری دەکات، هەروەها هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ سنووردادان بۆ ئەو دەستدرێژیانە، کە بە پێشێلکردنی ئاسایش و سەروەریی وڵات دادەنرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
5ـی تشرینی یەکەمی 2020