هێرشه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی توندی لێدەكە‌وێتەوە

"په‌كه‌كه‌ هۆكاری ئاواره‌بوونی سه‌دان خێزانه‌"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

هێرشی چەكدارانی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە كاردانەوەی توندی ناوخۆیی لێكەوتەوە و پسپۆڕێكی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێ "پەكەكە رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی ھەزاران گوندی كوردستان و سەدان خێزان بەھۆی پەكەكەوە لەسەر ماڵ و موڵكی خۆیان ئاوارە بوون، ئێستاش ھاتوون دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان شەڕ دەكەن و پەلاماری ھێزی پێشمەرگە دەدەن".

رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24ی گوت: "شەڕی پەكەكە دژی دامەزراوە شەرعییەكانی ھەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەتی، تەنیا دژی حزبێكی دیاریكراو نییە، بۆیە دەبێت لەلایەن گەل و لەسەر ئاستی حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان، رووبەڕووی سیاسەتی چەتەگەری پەكەكە ببینەوە، رێگە نەدەین پەكەكە سیاسەتی وڵاتێكی ناوچەكە جێبەجێ بكات، كە دوای رێككەوتنی شنگال نەخشەی بۆدانراوە، پەكەكە دەیەوێت بەم شەڕە ھەم رێگری لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات و ھەمیش رێگەنەدات پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان  لە شنگال جێبەجێ بكرێن".

گوتیشی: "پەكەكە بەو ھێرشانەی دەیەوێت رێگە لەو ھەنگاوانە بگرێت كە حكومەتی ھەرێم و حكومەتی عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان ناویانە".

پەکەکە شەڕی دژی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە ھەڵگیرساند، ئەم شەڕە شەڕی پارتی و پەکەکە نییە، بەڵکو شەڕی پەکەکەیە لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامودەزگا شەرعییەکانى.

ساڵح مەلا عومەر، پسپۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێ: "سەرۆك بارزانی زۆر ھەوڵیدا كێشەی كورد لە باكوور بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، تاڕادەیەكی زۆر قەناعەتی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دروست كرد، كە گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكە دەست پێبكەن، بەڵام ئەقڵیەتی پەكەكە بۆ بەرگریكردن نییە لە مافەكانی كورد، بۆیە شكستی بەم پرۆسەیە ھێنا".

رۆژی چوارشەممە 4/11/2020، چەكدارانی پەكەكە لە ناحیەی چەمانکێ-ی سەر بە قەزای ئامێدی پەلاماری ھێزەكانی پێشمەرگەیاندا، لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەك شەھیدبوو، ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، بەردەوام بۆ ئەوە بووە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، بەڵام ھەر زوو پەکەکە پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە تێکدا و چەندین شار و شارۆچکە و دێھات بەو ھۆیەوە وێران بوون.

مەیدانی خەباتی پەکەکە باکووری کوردستانه نەک ھەرێمی کوردستان، لە باکوور پرۆسەی ئاشتیان تێکدا و کوردی ئەو پارچەیەی کوردستانیان سەرگەردان کرد، ئێستاش لە ھەرێمی کوردستان خەریکی پیلانگێرین و شەڕیان دژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، پەکەکە دەستپێشخەر و سەرپێچیکار و ھێرشبەر و تاوانبارە لەو ھێرشانە.