داوا لە لایەنەكان دەكرێت دژی كردەوەكانی پەكەكە ھەڵوێستیان ھەبێت

"پەکەکە پلانی وڵاتان لە دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پەکەکە رۆژ دوای رۆژ سیاسەتی شەڕ فرۆشتن و تێکدانی دۆخی ئەمنی و پەلکێش کردنی تورکیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان بە پیلانی وڵاتان دژی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات. جگە لە تەقاندنەوەی بۆری نەوت ھێرش دەکاتە سەر ھێزی پێشمەرگە و شەھیدیان دەکات، چاودێرانیش دەڵێن پێویستە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت ھێزە کوردییەکان لە نیازی پەکەکە تێبگەن و بە یەکھەڵویستی بەرەنگاری پیلانەکانی پەکەکە ببنەوە.

بوونی چەكدارانی پەكەكە لە قوڵایی خاکی کوردستان، بووەتە ھۆی نائارامی لە ناوچە سنوورییەکان و سەدان گوندیش تائێستا چۆڵکراون، ئەوە جگە لە پەلکێشکردن بۆ ئاگری شەڕێک، کە ھیچ پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە و ھێرشکردنە سەر ھێزی پێشمەگە لە دوایین کردەوەیاندا، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن، ئەركی ھەموو لایەنەكانە بەرگری لە شەرعیەتی حکومەت و دامودەزگا یاساییەكانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بە ‌یەک دەنگ و بە ‌یەک ھەڵویست بە پەکەکە بڵێن فەرموون مەیدانی خەباتی ئێوە دیارە کە چ شوێنێکە و بڕۆن لەوێ خەباتی  سیاسی و چەکداریی خۆتان بکەن.

 پەکەکە، ئامرازی دەستی دوژمنانی کوردستانە و چییان پێ کرابێ بۆ رێگرتن لە پێشڤەچوونی کوردستان کردوویانە، لەگەڵ دەستپێکی ھێرشی پەکەکە بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە و ئاڵۆزکردنی سنووری ھەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە چاودێرانی سیاسیش بە پێویستی دەزانن شەڕ و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پەکەکە دەبێت دۆخی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و بیانوو نەداتە تورکیا بۆ ھێرشکردن.

چەند رۆژێکە بەرپرسانی پەکەکە ھەڕەشەی دەستپێکردنی شەڕ لەدژی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، لە سنووری ناحیەی (چەمانکێ)ی سەر بە قەزای ئامێدیش، چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیاندا و پێشمەرگەیەك شەھیدبوو، ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.