ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە كە لە ھێرشەكەی پەكەكە برینداربوو چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە

"لەناو قوڵایی ھەرێمی كوردستان بۆمیان پێدا تەقاندینەوە و تەقەیان لێكردین"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

موقەدەم تەیب عەبدوڵڵا، ئەفسەری ھێزی پێشمەرگەی كوردستانە و لە ئەنجامی پەلاماری چەكدارانی پەكەكە لە چەمانكێ برینداربوو، ئەو باسی ساتەوەختی رووداوەكە دەكات و دەڵێ "چەكدارانی پەكەكە لەسەر شەقامی قیڕ بۆمبیان بە ئۆتۆمبێلەكەماندا تەقاندەوە و تەقەیان لێكردین".

ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە بە كوردستان24ی گوت: "ئەو شوێنەی پەكەكە بۆمبی بۆ ئێمە دانابووەوە، ناو قوڵایی خاكی ھەرێمی كوردستانە و ھەرگیز بیرمان لەوە نەكردبووەوە لەو شوێنە ئەوە رووبدات، چونكە ئەو شوێنە زۆر دوورە لە چیای گارە، كاتێك ئێمە وەك ھۆبەی راگەیاندن و رۆشنبیری سەنگەرەكانی پێشمەرگەمان لەو سنوورە بەسەردەكردەوە، بۆمب بە ئۆتۆمبێلەكەماندا تەقییەوە و ئەوكاتە من برینداربووم، دواتر بەڕێكەوتین شوێنەكە بۆ ئەوەی جێبھێڵین بە چەكی بیكەیسی و قەناس تەقەیان لێكردین، چەند گولـلەیەك بەر ئۆتۆمبێلەكەمان كەوت، لەگەڵ ئەوەشدا فەرماندەی پێشمەرگە بە پێشمەرگەكانی گوت تەقە نەكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد: "چەكدارانی پەكەكە پێشتر خۆیان بۆ ئەو ھێرشە ئامادەكردبوو، پیلانیان داڕشتبوو، بۆسەیان بۆ پێشمەرگە دانابوو، بەڵام نازانین بۆچی ئەوە دەكەن".

دەشڵێت: "پێشمەرگە ھەقی خۆیەتی ھەرێمی كوردستان كە ھەرێمێكی دەستووریە بیپارێزێت، سەیر لەوەدایە ئەوان لە سنووری باكوورەوە ھاتوون لەوێ خۆیان بشارنەوە، باشە ئاساییە با ئەو كوڕ و كچە كوردانە نەكوژرێن، بەڵام ئەوان كە ھی ئەوە نین باكووری كوردستان رزگار بكەن و لە سنوور بمێننەوە، بۆ دێن لەناو خاكی ھەرێمی كوردستان تەقە لە پێشمەرگە دەكەن؟".

موقەدەم تەیب، راشیگەیاند: "ئێمە خۆمان بە خاوەن دەزانین لە پێشمەرگە و گەریلاش كە كچ و كوڕی كوردن، بەڵام چۆن پەروەردە دەكرێن، ئەوەیان خراپە. زانیومە بەشێك لە گەریلاكان گوتویانە ئێمە شەڕی پێشمەرگە ناكەین، ئەوانە لە وڵاتی خۆیانن و رێزیان لێدەگیرێت".

گوتیشی: "داوا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و سەركردایەتی لایەنەكان دەكەم دان بەخۆیاندا بگرن، بۆ ئەوەی ئەو ئەجندایە جێبەجێ نەكرێت كە پەكەكە مەبەستیەتی، شەڕ ماڵوێرانییە ئەگەر كورد و كوردیش بێت كارەساتە".

باسی لەوەشكرد: "پەكەكە گوتویانە شەڕمان نەكردووە و بۆمبمان تەقاندوەتەوە، دیارە بەلای ئەوانەوە بۆمب تەقاندن شەڕ نییە، لە شەڕی داعش خراپترین شت تەقاندنەوەی بۆمب بوو، كە داعش دەیكرد".

رۆژی چوارشەممە 4/11/2020، چەكدارانی پەكەكە لە نزیك ناحیەی چەمانكێ-ی سەر بە قەزای ئامێدی پەلاماری ھێزی پێشمەرگەی كوردستانیاندا، لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەك شەھید بوو، ژمارەیەك پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.