ھەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و داھاتووی جەنگی بازرگانی
K24 - هەولێر
جەنگی بازرگانی بە یەكێك لە دیارترین رووداوەكان دادەنرێت لە سەردەمی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، كە ئەستەمە جیھان بە ئاسانی لەیادیبچێت. سەپاندنی پێناسی گومرگی لەسەر كاڵای چینی، بەشێكی گەورە بوو لەو سیاسەتەی ترەمپ بەرامبەر چین گرتیەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا داھاتووی ئەو جەنگە، بە سەرۆكی نوێی وڵاتەكەوە بەستراوەتەوە.
ساڵی 2011، پێنج ساڵ بەر لە ھەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ به سەرۆكی ئەمریكا، لە تویتێكدا ترەمپ نووسیبووی، چین نە ھاوپەیمانە و نە ھاوڕێی ئەمەریكا، بەڵكو تەنیا دەیەوێت بەسەر ئەمەریكادا زاڵبێت، ئهمه یهكهم تویتی رهخنهیی ترەمپ بوو له بازرگانی لەگەڵ چین.
ترەمپ هەروەها چینی تۆمەتباری كرد به سیخوڕیكردن لە پیشەسازی و تەكنەلۆژیا، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە توانای ركابەری بەھێز بكات، بۆیە لەساڵی 2017 و لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەمەریكا، دەستی بە زنجیرەیەک جەنگی بازرگانی کرد لەگەڵ چین.
دوای بوونی به سهرۆكی ئهمریكا، لە تەمموزی 2018 تۆناڵد ترەمپ جەنگی بازرگانی لەدژی چین دهستپێكرد، ئهویش به سەپاندنی پێناسی گومرگی بەڕێژەی 25٪ لەسەر 818 بەرھەمی چینی، كە بههاكهی 34 ملیار دۆلار بوو.
لە بەرامبەریشدا چین به ههمانشێوه بەرێژەی 25٪ پێناسی گومرگی لەسەر 545 بەرھەمی ئەمەریكا سەپاند، كە بەبەھای 34 ملیار دۆلار بوو.
ئەمەریكا بهرهی جەنگە بازرگانییەكەی لەگەڵ چین فراوانتر كرد و، جارێكی دیكە بە بەھای 550 ملیار دۆلار و به دوو قۆناغ، بەڕێژەی 25٪ و 10٪ پێناسی گومرگی لەسەر كاڵای ھاوردەكاریی چین سەپاند.
لە بەرامبەریشدا چین پێناسی گومرگی بەڕێژەی 25٪ سەپاندە سەر كاڵای ئەمەریكی، كە بە بەھای 110 ملیار دۆلار بوو، ئەوەش جگە لە پێناسی گومرگی بەرێژەی 10٪ و 5٪ لەسەر ژمارەیەك كاڵا بەبەھای 75 ملیار دۆلار، كە خۆی لە بەرھەمی كشتوكاڵی، نەوتی خاو، فڕۆكەی بچووك و ئۆتۆمبێل دەبینییەوە. بهمهش ترەمپ كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیای چینی خنكاند و دەستبەجێ كۆمپانیای ھواوی چینی خستە ناو لیستی رەشەوە، چونكە پێیوابوو پێشێلكاری ئاسایشی نەتەوەیی دەكات.
لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، وەكو قۆناغی یەكەم رێككەوتنێكی رێكخستنهوهی بازرگانی لەنێوان ھەردوو وڵات واژۆكرا، بەگوێرەی رێككەوتنەكە، واشنتن ھەندێك پێناسی گومرگی ھەڵوەشاندەوە و ھەندێكیشی كەمكردەوە، لە بەرامبەریشدا چین كڕینی بەرھەمی كشتوكاڵی ئەمەریكی زیاتر دەكات، بڕیاربوو تەنانەت ھەندێك چاكسازی لە سیاسەتی گواستنەوەی تەكنەلۆژیادا بكرێت، بەڵام به بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه سهرچاوهكهی چین بوو، جارێكی دیكە پەیوەندی ھەردوو وڵات ئاڵۆز بوو.
ئێستاش، نهك ههر ئهمەریكییهكان، بهڵكو جیهان چاوهڕێی ئهنجامی كۆتایی ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی ئهمەریكایە و، دیارنییه ئاخۆ ئەنجامی ھەڵبژاردەنەكان تاچەند گۆڕانكاری لەسەر جەنگی بازرگانیی نێوان ئەو دوو زلھێزترین ئابوورییەی جیھان دەكات.
هـ.ر.