مۆسكۆ: تیرۆریستانی دەست بەخوێن بەرەو قەرەباخ دەگوازرێنەوە

"ئێستا ئەندامانی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی نێودەوڵەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرەو قەرەباخ دەگوازرێنەوە

K24 -ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، زانیارییان دەستكەوتووە لە بارەی گواستنەوەی چەكدارانی توندڕەو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ناوچەی ململانێی ئەرمەنی- ئازەربایجانی لە قەرەباغ.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە، "بەپێی زانیارییەكانی دەستمان كەوتووە، ئێستا ئەندامانی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی نێودەوڵەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، كە دەستییان بەخوێن سووره‌، دەگوازرێنەوە بەرەو ناوچەی ململانێی قەرەباغ، باس لە بەكرێگیراوانی توندڕەو دەكەم، ئەوانە ئایدۆلۆجیای جیھادییان ھەیە".

ئەو دیپلۆماتكارە رووسیاییە جەختیكردەوە، ئەم پێشھاتانە  نیگەرانییەكی زۆر لای مۆسكۆ دەنێتەوە. ھۆشداریشیدا لەوەی ئەو كارە لە ئایندەدا ھەڕەشەی سەرھەڵدانی پێگەیەكی تیرۆریستی لە باشووری قەوقاز دەكات.

زاخارۆڤا داوای لە ھەردوو لایەنی شەڕكەر لە قەرباغ كرد، دان بەخۆیاندا بنێن و خۆیان دوور بگرن لە بە ئامانجكردنی خەڵكی مه‌ده‌نی و رێگربگرن لە دەستوەردانی دەرەكی لەو ململانێیەدا و جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی كارا لەپێناو راگرتنی شەڕ و كەمكردنەوەی گرژی و دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئاشتی بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرییەكی ئاشتییانە بۆ ئەو ململانێیە بەپێی پرێنسیپە سەركییەكان.

پێشتریش ھەردوو لایەنی ئەرمەنی و ئازەربایجانی لە ململانێی قەرەباغ تۆمەتی بەكارھێنانی چەكدارانی وڵاتانی دیكە ئاراستەی یەكتریان كردبوو بە پلە یەكیش چەكدارانی سووری لە میانی ئەم خولەی شەڕدا لەو ناوچەیە.

ژمارەیەك دەوڵەتیش، لەوانە رووسیا جەختییان كردبووە لە  ھەبوونی چەكدارانی بیانی لە قەرەباخ و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، ژمارەی ئەو چەكدارانە بە  دوو ھەزار كەس مەزندە كرد.

سەرچاوە: تاس