عارف روشدی: په‌كه‌كه دژی كورد و كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردییه
K24 – هه‌ولێر:
عارف روشدی، كه‌سایه‌تی سیاسی و راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕوای وایه، په‌كه‌كه "دژی خه‌ڵكی كوردستانه و هیچ كاتێك دژی داگیركه‌ران نه‌بووه، به‌ڵكو به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی به وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستانه‌وه هه‌بووه و دژی كیان و بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردییه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا".
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24"، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له ئایدیای پارتی كرێكارانی كوردستان و دنیابینی ئه‌و رێكخراوه كرد، كه له لیستی تیرۆری یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و توركیادایه و گوتی: "هه‌ر كه‌سێك كه‌مێك ویژدانی هه‌بێت ده‌زانێت په‌كه‌كه دژی خه‌ڵكی كوردستان و دژی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كوردستانه".
هه‌ڵوێستیان لاوازه
"عارف روشدی" ره‌خنه‌ی له‌و لایه‌نانه‌ش گرت، كه وه‌ك خۆی گوتی "به‌شان و باڵی په‌كه‌كه‌دا هه‌ڵده‌ڵێن" و به‌رگری لێده‌كه‌ن و به‌وه وه‌سفیكردن، كه هه‌ڵوێسته‌كه‌یان "درێژه‌پێدانی هه‌ڵوێستی لاوازیانه له ئاستی پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان".
"عارف روشدی" پرسیارێكی وروژاند و روویكرده، "فه‌رهاد ره‌سوڵ"ـی بێژه‌ری سه‌ره‌كی "كوردستان24" و گوتی: "ئایا په‌كه‌كه دژی توركیایه؟ ئه‌مه له خشته‌بردنی خه‌ڵكه! په‌كه‌كه هیچ كاتێك دژی توركیا نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه".
په‌كه‌كه، وه‌ك رێكخستنێكی سیاسی له (1979) له لایه‌ن "عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان" و ژماره‌یه‌ك هاوڕێیه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕی چه‌پی رادیكاڵ و شۆڕشگێڕانه دامه‌زراوه.
ئه‌و رێكخراوه، به سوودوه‌رگرتن له هاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و جوگرافیای ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له (15ی ئاب/ ئۆگستی 1984)، شه‌ڕی چه‌كداری له دژی سوپای توركیا راگه‌یاندووه.
له ماوه‌ی نزیكه‌ی (40) ساڵی شه‌ڕ و پێكدادانی به‌رده‌وامی سوپای توركیا و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه، زیاتر له (35) هه‌زار كه‌س كوژراوون. سه‌دان گوندی باكووری كوردستان وێران بوون و هه‌زاران هاووڵاتی كورد له زێدی خۆی راگوێزراون یاخود به ناچاری كۆچیان كردووه و وڵاتی خۆیان به‌جێهێشتووه.
"عارف روشدی" گوتیشی: "باكووری كوردستان چوار ئه‌وه‌نده‌ی هه‌رێمی كوردستانه. توركیا (80) ویلایه‌ته، له هه‌موویان كورد هه‌یه، بۆچی په‌كه‌كه هیچ ناكات و شه‌ڕ و گێچه‌ڵی ئاڵاندووه‌ته هه‌رێمی كوردستان؟".
بۆری نه‌وت
هه‌روه‌ها گوتی: "نه‌وتی ئێران و رووسیا و ئازه‌ربیجان به توركیادا تێده‌په‌ڕێت، بۆچی ته‌نیا بۆرییه‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته ئامانج، كه قوتی خه‌ڵكی كوردستانه و به په‌ككه‌وتنی ئه‌و بۆرییه زیانێكی گه‌وره به‌ر بودجه و داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، راوێژكاره‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له دنیابینی په‌كه‌كه بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان كرد و گوتی: "په‌كه‌كه رۆژگارێك باسی كوردستانی گه‌وره و چوارپارچه‌ی ده‌كرد، دواتر داوای باكووری كوردستانی ده‌كرد، ئێستا په‌كه‌كه داوای یه‌كخستنه‌وه‌ی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات و هه‌میشه‌ش شه‌ڕی له دژی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كردووه و هیچ كاتێك ئه‌و زیانه‌ی به پارچه‌كانی كوردستانی گه‌یاندووه، به سوپای توركیای نه‌گه‌یاندووه".
خۆیان ده‌ڵێن: دژی ده‌وڵه‌تیی كوردیین
ئه‌و راوێژكاره‌ی پارتی ئه‌وه‌شی گوت: "په‌كه‌كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان هه‌یه، ته‌نیا دژی خه‌ڵكی كوردستان ده‌وه‌ستنه‌وه".
هه‌ر سه‌باره‌ت به ئایدیای په‌كه‌كه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، "عارف روشدی" زیاتر دوا و گوتی: "ئێمه قسه‌یان بۆ هه‌ڵنابه‌ستین، كه‌سایه‌تی په‌كه‌كه، دۆران كاڵكان، خۆی له چاوپێكه‌وتنێكیدا، كه رۆژی (3ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵ)، بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت: ئێمه دژی ده‌وڵه‌تی كوردیین. ئێمه دژی خه‌ڵكی كوردستانین، كه داوای ده‌وڵه‌تی كوردیی ده‌كه‌ن، چونكه درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردیی ده‌بێته هۆی تێكچوونی شیرازه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پرسیار ئه‌وه‌یه، بۆچی عه‌ره‌ب (23) ده‌وڵه‌تیان هه‌بێت و ئێران و تووران هه‌بن، به‌ڵام به درووستبوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردیی له‌م ناوچه‌یه شیرازه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تێكده‌چێت؟".
بیانوو
"عارف روشدی" بڕوای وایه، په‌كه‌كه بیانووی داوه‌ته ده‌ست توركیا بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان "داگیر بكات" و به هه‌مان شێوه ده‌یه‌وێت بیانووش بداته ده‌ست "عێراق" بۆ ئه‌وه‌ی سوپا ره‌وانه‌ی سنووره‌كان بكات و بڵێت به‌رگری له سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌م ده‌كه‌م و هه‌رێمی كوردستان "داگیربكاته‌وه".
شه‌ڕی خه‌نده‌قه‌كان
راوێژكاره‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ قسه‌كانی ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت: "له شه‌ڕی خه‌نده‌قه‌كاندا، ئه‌گه‌ر بیرتان بێت، په‌كه‌كه (3) مانگ خه‌ریكی هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق بوو، توركیا ئاگادار بوو، ماقوڵ نییه ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك توركیا ئاگاداری ئه‌وه نه‌بێت چی له شاره‌كان ده‌گوزه‌رێت؟! بۆیه ده‌رفه‌تی پێدان و تا ئه‌و كاته‌ی خۆی ده‌ستنیشانی كردبوو، هێرشیكرده سه‌ر شاره‌كان و توانی هه‌موو شاره‌كان وێران بكات و هه‌زاران كه‌س ده‌ستگیر كران و ئابووری شاره كوردییه‌كان داڕما و زیاتر له نیو ملیۆن كورد ناچار بوون ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بن. ئه‌مه‌ش پیلانگێڕییه‌كی په‌كه‌كه بوو دژی خه‌ڵكی كوردستان له باكوور و له پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت بوو".
له چوارچێوه‌ی شرۆڤه‌كانی بۆ ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان درووستیكردوون، "عارف روشدی" ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ریزی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه به ره‌چه‌ڵه‌ك زۆرینه‌یان كورد نین، له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "سێ به‌شی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه كورد نیین. ئه‌وانه‌ی كوردن به‌شێكی كه‌من و ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه".
په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی
رۆژی (2ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020)، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له باره‌ی گێچه‌ڵ و ئاڵۆزی و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی په‌كه‌كه له ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.
سه‌رۆك بارزانی، له په‌یامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندبوو، "مێژوو شاهێدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە، بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێکبدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەسەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەڵکی کوردستان بدرێت. نابێ هەڵوێستی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد بەوە لێكبدرێتەوە كە سەقامگیری و ئاسایشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێکبدرێت و هاووڵاتیانمان ناچاربکرێن ماڵ و شوێنەکانیان بەجێبهێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەهید بکرێن و كەسیش دەنگ نەكات".
په‌كه‌كه بۆ ده‌ره‌وه
هه‌روه‌ها له په‌یامه‌كه‌دا هاتبوو: "دوای هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان روویانكردە بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆریستان و زۆر لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵ کران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچە سنووریانە و دواتر هەندێک ناوچەی تریشیان داگیرکرد و خۆیان وەک جێگرەوەی حکومەت سەپاند و رێگریان لە خەڵک کرد ماڵ و دێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بكەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەر دەگرن. بێگومان ئەم ڕەفتارانە جێگای قبووڵكردن نییە. هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیاردەکەوێت نەک بە قسە و وتار".
له باره‌ی ئه‌و په‌یامه‌وه، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گوتی: "په‌یامه‌كه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك زۆر روون و راشكاوانه بوو، تێیدا داوایكردووه، په‌كه‌كه بچێته ده‌ره‌وه. ئه‌مه بۆ په‌كه‌كه باشتره، كه واز له هه‌رێمی كوردستان بهێنن و بچنه‌وه مه‌یدانی راسته‌قینه‌ی خۆیان، له‌وێ خه‌ڵكی خۆیان هه‌یه و پشتیوانیان زیاتر ده‌بێت و ره‌وایه‌تییه‌ك به پرسه‌كه‌یان ده‌درێت، به‌ڵام مانه‌وه‌یان له هه‌رێمی كوردستان جگه له زیان هیچی دیكه‌ی لێ شین نابێت".
له رابردوودا، چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه له لایه‌ن هه‌واڵگری وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه ئاراسته كراوون و دیارترینیان وابه‌سته‌بوونیان بووه به ده‌زگاكانی هه‌واڵگری سووریاوه.
چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ململانێی ناوخۆیی لوبنان و شه‌ڕی نێوان فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كان تێوه‌گلاون و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ئه‌و رێكخراوه له سه‌نگه‌ری رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستینی ناسراو به "فه‌تح" كوژراوون.
په‌لهاویشتنی په‌كه‌كه
له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی داعشدا (2014 - 2018) به هۆی سه‌نگه‌رگرتنی پێشمه‌رگه دژی داعش، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به درێژایی (1500) كیلۆمه‌تر له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له ئه‌ركدا بوون و په‌كه‌كه له‌و سه‌روبه‌نده‌دا به سوودوه‌رگرتن له‌و دۆخه نائارامه‌ی درووست ببوو، بڵاوه‌ی به هێزه‌كانی كرد.
له سنووری مه‌خموور، په‌كه‌كه خاوه‌ندارێتی له كه‌مپێكی په‌نابه‌رانی باكووری كوردستان ده‌كات، تێیدا منداڵی په‌نابه‌ران بۆ چه‌كداری په‌روه‌رده ده‌كات.
له شنگال، به سوود وه‌رگرتن له پاشه‌كشێی هێزه عێراقییه‌كان و نه‌مانی چاودێری سنوور، له سووریاوه په‌ڕینه‌وه بۆ سنووری شنگال و وێڕای دامه‌زراندنی باره‌گا و بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانیان، هێزێكی میلیشیاییان درووست كردووه و بوونه‌ته به‌شێك له میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی.
دوای راوه‌دوونانیان له لایه‌ن سوپای توركیاوه و چۆڵكردنی حه‌شارگه‌كانیان له چیاكانی گارا و حه‌فتانینی سنوور، به‌ره‌و قوڵایی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاتوون.
له‌شكركێشی توركیا
سوپای توركیا له مانگی حوزه‌یرانی رابردووه‌وه، دوو ئۆپراسیۆنی فراوانی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كان ده‌ستپێكردووه، جیاواز له ساڵانی رابردوو، ئه‌مساڵ سوپای توركیا شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ی له سنووری خۆی دوور خستووه‌ته‌وه و شه‌ڕه‌كه ئاڵێنراوه‌ته هه‌رێمی كوردستان.
به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كان درووستیكردووه، سه‌دان گوندی كوردستان چۆڵكراوون. وه‌ك له په‌یامه‌كه‌ی "سه‌رۆك بارزانی" ئاماژه‌ی پێكراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و هاووڵاتییه گوندنشینانه‌ی له‌وێن، "ناچار كراوون سه‌رانه بده‌نه په‌كه‌كه له به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر مه‌زرا و كێڵگه و باخ و ره‌زه‌كانیان".
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، "عارف روشدی" گوتی: "ئه‌مانه شه‌ڕ ناكه‌ن، له كوێ شه‌ڕیان كردووه دژ به سوپای داگیركه‌ر، له هه‌ر شوێنێك بن، ده‌بنه بیانوو بۆ پێشڕه‌وی سوپای توركیا و ناوچه‌كه‌یان راده‌ست ده‌كرێت و پاشه‌كشه به چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌كرێت".
دیموكراتیزه‌كردنی گه‌لان
له باره‌ی درووشمی سه‌ره‌كی په‌كه‌كه‌وه، كه بڕوای به پرسی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ماوه و بانگه‌شه‌ی برایه‌تی گه‌لان و كۆنفیدراڵی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك ده‌كات، "عارف روشدی" گوتی: "له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و درووشمه‌ی په‌كه‌كه پێویستی به شه‌ڕ و خه‌باتی چه‌كداری نییه، به‌ڵكو پێویستی به خه‌باتی مه‌ده‌نیی هه‌یه. په‌كه‌كه نه شه‌ڕی پێده‌كرێت و نه پێویست ده‌كات ئه‌و شه‌ڕه بكات. باشتره بگه‌ڕێته‌وه مه‌یدانی راسته‌قینه‌ی خۆی".
هه‌روه‌ها گوتی: "له توركیا تا راده‌یه‌ك بواری ره‌خنه و كاری سیاسی و خه‌باتی مه‌ده‌نی و خۆپیشاندان و راده‌ربڕین هه‌یه و ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه داوای ده‌كات له‌و رێگه‌یه‌وه به ئه‌نجام ده‌گات، نه‌ك له رێی شه‌ڕه‌وه".
ئامانجی په‌كه‌كه
"عارف روشدی" گوتی: "په‌كه‌كه یه‌ك ئامانجی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كورد نه‌گاته ئامانج. ئه‌وان درووستبوون بۆ تێكدانی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و بزاڤی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد. ئه‌وان رقێكی گه‌وره‌یان له كوردایه‌تی هه‌ڵگرتووه و ئه‌و رقه به پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڕێژن".
گوتیشی: "پێویسته بپرسین، كوا عفرین، كوا سه‌رێكانی، كوا گرێسپی؟ ئێستاش مه‌ترسی هه‌یه شوێنه‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوا توركیا بچێته ناویانه‌وه".
چی بكرێت
سه‌رۆك بارزانی، له په‌یامه‌كه‌یدا، كه ئاراسته‌ی رایگشتی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانی كردبوو، داوای هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی له لایه‌نه‌كان كردبوو.
له په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا، هاتبوو: "لێرەدا داوا لە هەموو لایەک دەکەم بو ئەوەی بارودۆخی وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەچێت و شوێنە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە و رێ لە گرژیی زیاتر و رووداوی نەخوازراو بگیرێت پێویستە رێگە بە خۆسەپاندنی نایاسایی هیچ لایەک نەدەن و پشتیوانی لە خەبات و قوربانی پێشمەرگە و گەلی ستەملێکراومان بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغەدا بن".
"عارف روشدی" له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌مان داوای هه‌یه و به پێویستی ده‌زانێت سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه كوردستانییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان هه‌ماهه‌نگ بن و به‌یه‌كه‌وه فشار بخه‌نه سه‌ر په‌كه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی "په‌كه‌كه رێگه‌ی راست بدۆزێته‌وه و بچێته‌وه مه‌یدانی خۆی و هه‌رێمی كوردستان چۆڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به كه‌مترین زیان هه‌رێمی كوردستان له‌و كێشه‌یه رزگار بێت".