عێراق خراپترینە لە رووی ئاسایش و ئارامییەوە

رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیای بە كەمترین ئارامی و ئاشتی وەسفكردووە

K24 -ھەولێر:

ناوەندی ئاشتی و ئابووری نێودەوڵەتی لە پۆلینكردنەكەیدا بۆ ساڵی 2020 ئاشكرای كردووە، عێراق لە خراپترینەكانە لە رووی ئاسایش و ئارامییەوە.

بەپێی ئەو نەخشەیەی ناوەندەكە لە سەر پێگەی فەرمی خۆی بڵاوكردووەتەوە،  (Peace Index)  چوار وڵاتی عەرەبیی لە لیستی دەوڵەتە سەوزەكان داناوە، كە كۆمەڵگەكانیان زیاترین ئاسایش و ئارامییان تێدایە و ئەو دەوڵەتانەش ھەر یەك لە ئوردن، قەتەر، ئیمارات، كوێت و عەمانە.

بەڵام عێراق و سووریا و ئەفغانستان لە كۆتایی لیستەكەدا دێن. ئەم دەستنیشانكردنانەی ناوەندی ئاشتی و ئابووری، بە سەرچاوەیەكی گرنگە دادەنرێت بۆ دەوڵەتەكان، رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و توێژەران لە بواری ئاشتی و گەشەپێدانی ئابووری. چواردەمین بڵاوكراوە 163 دەوڵەتی لەخۆ گرتووە و شیكردنەوەیەك لە بارەی ئاستی ئاشتی و ئابووری دەوڵەتان پێشكەش كردووە، لە میانی پیوەرەكانی توێژینەوەدا كە گرنگترینیان: ئاستی ئاشتی و ئاساییش و كاری پیاوانی ئاسایش، ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون، تاوانە توندەكان، ئاڵۆزییەكان، ململانێیەكان و داتای دیكەش.

لەسەر ئاستی ناوچەی مینا (MENA)  ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیای بە كەمترین ئارامی و ئاشتی وەسفكردووە، بەھۆی بەردەوامی ململانێیەكان لە ھەندێك ناوچەدا. 5 لە دەوڵەتانی ناوچەكە، لە 10 دەوڵەتە ھەرە نائارام و كەمترین ئاشتییان تێدایە لەسەر ئاستی جیھان. ھەروەھا پۆلینكردنەكە بەدیاردەخات بۆ جاری نۆیەم لە 12 ساڵی دواییدا ئاشتی لە جیھان پاشەكشە دەكات، و 80 دەوڵەتیشی لەسەر ئاستی ئاشتیدا داڕمانی بەخۆیەوە تۆماركردووە.

ناوەندی ئاشتی و ئابووری، كە بارەگاكەی لە ئوسترالیایە و چەندین لقی لە سەرتاسەری جیھان ھەیە، توێژینەوە بەپێز لەبواری ئاشتی و گەشەكردنی ئابووری پێشكەشدەكات و بەسەرچاوەیەك گرنگ دادەنرێت بۆ دەوڵەتان، دەزگاكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، وەك رێكخراوی ئاسایش و پاراستنی ئەوروپایی، نەتەوەیەكگرتووەكان، بانكی نێودەوڵەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمە جگە لە توێژینەران و لێكۆلەران لە بوارە جیاجیاكان لە سەرتاسەری جیھاندا.