كۆبوونەوە ساڵانەی بانكی جیھانی و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی دواخرا

بەھۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا

K24 – هه‌ولێر:

بانكی جیھانی و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكی ھاوبەشدا رایانگەیاند، كۆبوونەوەی ساڵانەی نێوانیان، كە بڕیار بوو لە ئۆكتۆبەری 2021 لە مەراكیشی مەغریب ئەنجامبدرێت، بەھۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیار دراوه‌ بۆ ساڵی 2022 دوابخرێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە كۆبوونەوەی ساڵانەی نێوان بانكی جیھان و سندوقی نەختینەیی، بۆ دوو ساڵی لەسەر یەك لە بارەگای بانكی جیھانی یان سندوقی نەختینە لە واشنتن ئەنجامده‌درێت، بەڵام ھەر 3 ساڵ جارێك بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە روو لە وڵاتێكی دیكەی ئەندام دەكەن و تێیدا پارێزگارانی بانكە ناوەندییەكان و وەزیرانی دارایی و جێبەجێكار لە كەرتی تایبەت تاوتوێی گرنگترین دۆسییە جیھانییەكان دەكەن.