عێراق و ھەرێم یەكێكە لەو 5 قەیرانەی دووچاری سەرۆكی داھاتووی ئەمەریكا دەبێتەوە، چۆن رەفتاری لەگەڵ دەكات؟

گرنگە واشنتن ھەبوونی خۆی لە ھەولێر بەھێزبكات

K24 – ھەولێر:

لە كاتێكدا ململانێ لە سەر بەڕێوەبردنی كۆشكی سپی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆك كۆمار و "جۆن بایدن"، ركابەری لە دیموكراتەكان توندی بەخۆیەوە دەبێنێ، سەرۆكی داھاتووی ئەمەریكا چەندین قەیران لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕێی دەكات.

راپۆرتێكی رۆژنامەی "جیرزالیم پۆست" لە 6ی تشرینی دووه‌م 2020، ئاماژە دەكات بەوەی عێراق و ھەرێمی كوردستان یەكێكە لە پێنج قەیرانە گەورەكانی رووبەڕووی سەرۆكی نوێ دەبتەوە.

راپۆرتەكە روونیكردووەتەوە، توركیا قەیرانێكی درووستكردووە لەگەڵ یۆنان، عێراقی بۆردومان كرد، ھەڕەشەی لە ئەرمینیا، ئیسرائیل، میسر و ئیمارات كرد، ئەمە جگە لە دەستدرێژییەكانی بۆ سەر ئەو ھێزانەی پشتیوانی لە واشنتن دەكەن لە سووریا لەگەڵ "ھەڕەشەكردن" لە ئەوروپا بە دۆسییەی پەنابەران و ئاسانكردنی گواستنەوەیان بۆ ئەوێ بەڕێگای دەریاوە.

"توندڕەوی توركیا" سەقامگیری ناوچەكەی لەقكردووە، بە تایبەتی دوای پشتیوانیكردنی ئەنقەرە لە تیرۆریستان و ھاندانیان دژ بە ئەوروپا، ئەمە جگە لە كڕینی سیستەمی بەرگری رووسی ئێس 400. ئەمانە سەرۆكی داھاتووی ئەمەریكا ناچار دەكات رووبەڕووی ھەڵپە فراوانخوازەكانی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ دەستبەسەرداگرتنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ببێتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئێران بەردەوامە لە پێشخستنی مووشەكە بالیستییە گەورەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمە جگە لە زیانگەیاندن بە كورد و دەستدرێژیكردنە سەر كەشتییەكان و ھەڕەشەكردن لە ھەر یەك لە سعوودییە و ئیسرائیل.

راپۆرتەكە جەختدەكاتەوە، سەرۆكی داھاتووی ئەمەریكا دەبێت "بەرپەرچی ئێران" بداتەوە و رێگایەك بدۆزێتەوە بۆ "راگرتنی ھەژموونی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، سووریا و یەمەن"، ئەمە جگە لە چەكداركردنی حزبوڵڵا لە لوبنان، ھەرچەندە ئەم رێكخراوە بە قەیرانێكی ئابووری گەورەدا دەرباز دەبێت بەھۆی ئەو سزایانەی گەنجینەی ئەمەریكا بەسەریدا سەپاندوون.

گوتیشی: "رۆڵی دەریاوانی ئەمەریكا لە كەنداو دیارە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، ئەمە وێڕای، كە ئەمەریكا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكات و بەشداریی پێدەكات لە زانیارییە ھەواڵگرییەكاندا" دژ بە ئێران و پیلانەكانی.

رۆژنامەكە گوتی: سەرەڕای سەركەوتنەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە شەڕی دژی داعشدا، كەچی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا  دووچاری فشاری زۆر دەبێتەوە. بەتێڕوانینی راپۆرتەكە، گرنگە واشنتن ھەبوونی خۆی لە ھەولێر بەھێزبكات و پداویستییەكانی بنكەی بەرگری خۆی لەوێ بەتەواوی  ئامادەبكات، بە تایبەتی ناوچەكانی كورد ئارامن و سەر بە ئەمەریكانە.

راپۆرتەكە روونیشكردووه‌تەوە، ئیدارەی ترەمپ كۆمەڵێك رێككەوتنی ئاشتیی ئەنجامدا، كە بەدڵی سەركردایەتی مەنگرتووی فەلەستینی نەبوو، ئەمەش نەوەیەكی لە فەلەستینییەكان دووچاری سەرگەردانی و ونبوون كردەوە. بۆیەش دەبێت ئاگاداربین، چونكە (بەپێی شیكردنەوەی رۆژنامەكە) ئەزموونەكانی رابردوو چەسپاندوویەتی، فەرمۆشكردنی ئەم توێژە ئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.

ھەر بەپێی رۆژنامەكە، ھەبوونی ھەژموونێكی زیاتری حەماس و توركیا و ئێران لە "رامەڵڵا" و چاوبڕینە "تەلەڤیڤ" لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئیسرائیل و ئەو ھاوپەیمانانە نییە، ئەوانەی لەنێوان ئوردن، ئەبوو زەبی و قاھیرە دێن و دەچن.

ھەروەھا حاڵەتێكی ناسەقامگیری گشتی ھەیە، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دابەشی سەر دوو بلۆك بوونە. ھێشتا ھەر یەك لە لیبیا و ئەفغانستان لەژێر ھەڕەشەی توندڕەوەكانن، ئەمەش پێویست بەوە دەكات ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەرچاوەكانی خۆی لە لە ئەفریقیا، لە ئەفریكۆم و سۆكۆم بەكاربێھێنێت، بەتایبەتی كە ھێزی تایبەتی ھەیە و لە 90 وڵاتدا كاردەكەن. ھێشتان نەھامەتییەكانی دەستی داعش و تاڵیبان ھەستیان پێدەكرێت و ئەو ھێرشانەی دەكرێتە سەر سیخەكان و قوتابیانی زانكۆ و كەسانی دیكەش ھەر ھەنە.

بەپێی راپۆرتەكە، جگە لەمانەی باسكران، رەفتاركردن لەگەڵ پەنابەرانی خەڵكی سووریا لە ئوردن و توركیا، ھەروەھا ھاوكاریكردنی ئێزدییەكان بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە سەر زێدی خۆیان وەك بەشێك لە گەیشتن بە سەقامگیری.