مۆسكۆ سەرچاوەی زانیارییەكانی لە بارەی بەكرێگیراوانی سووری لە قەرەباغ ئاشكرا دەكات

جەخت لە بوونی ھەواڵگری توركیا لە قەرەباغ دەكات

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی دەزگای ھەواڵگری دەرەوەی رووسیا، سێرگی ناریشكین ئاشكرایكرد، ھەواڵگری ھاوبەشمان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھاوكاری مۆسكۆی كرد بۆ بەدەستھێنانی زانیاری ورد لەبارەی بەشداریكردنی چەكدارانی سووری لە شەڕەكانی قەرەباغدا.

ناریشكین ئەمڕۆ ھەینی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ئێمە زانیاری وردمان ھەیە لە بارەی ھەبوونی تیرۆریستان لە ناوچەی شەڕدا لە ھەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ،  ھەروەھا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و بە پلە یەكیش  لە سووریا".

گوتیشی: ئەو زانیارییانەمان لە چەند دەوڵەتێكەوە لە سەرچاوەی جیاجیا و لە ھاوبەشە جیاجیاكانمان و لە دەزگا تایبەتمەندەكانی ھاوبەشمان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی نزیك دەستكەوتووە".

ناریشكین جەختیكردەوە لە سەر بەشداریكردنی ھەواڵگری توركیا لە رووداوەكانی قەرەباغ  و گوتی: "ھەست بەكاری ھەواڵگری توركیا دەكەین  و ھەندێك لە ئەندامانی ئەو كارەیان دەبینین".

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ پێشتر ئاشكرایكردبوو، ژمارەی چەكدارە بەكرێگیراوەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە قەرەباغ نزیكەی دوو ھەزار كەسن.  جەختیشیكردەوو، وڵاتەكەی لەگەڵ توركیا بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەركردنی ململانێیەكە بەشێوەیه‌كی ئاشتییانە.