"لۆمۆند": ئەردۆغان زاڵ نیە بەسەر موسڵمانانی فەرنسا و كاریگەری ئەنقەرە لە سەریان كەمە

كاریگەری موسڵمانە توركەكان و ھەڵپەكانیان بۆ فراوانخوازی بەردەوام لە زیادبووندایە

K24 – ھەولێر:

رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرەنسایی لە توێژینەوەیەكیدا لە بارەی ھەژموون و قورسایی توركیا نوسیوویەتی: كاریگەری توركیا لەسەر موسڵمانانی فەرەنسا كەمە؛ ھەرچەندە ئەنقەرە مەیلی زیادكردنی ئەو ھەژموون و قورساییەی ھەیە و سەرچاوەیەكی سەرەكییە بۆئەو ئیمامانەی لە دەرەوەی پاریسەوە ھاتوون.

رۆژنامەكە دەڵێت: سەرۆكی فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن دەیەوێت ئەم بوونەی توركیا لە نێوان رەوه‌ندی موسڵمان لە وڵاتەكەیدا لاواز بكات.

لە میانی ئەو قەیرانەی لە نێوان پاریس و توركیا لەسەر لێدوانەكانی ماكرۆن سەبارەت بە ئیسلام و موسڵمانان، زانیاری وا بڵاوبوویەوە، گوایە توركیا كاریگەرییەكی زۆری ھەیە لەسەر موسڵمانانی فەرەنسا و مزگەوت و ئیمامەكانی و پارەكانیان و " ئەردۆغان دەستی بەسەر ئیسلامدا گرتووە" لەو وڵاتەدا.

رۆژنامەكە گوتی: ئەوانەی بەشدارییان لە پڕۆپاگه‌ندەی ئەم بیرۆكە ھەڵەیەدا كرد، لێدوانەكەی سیناتۆری ئیتاڵی "ئەندریا كانجینی" بوو لە 29 تشرینی یەكی رابردوو لەمیانی سەرەخۆشیكردنیدا لە فەرەنساییەكان، لە دوای ھێرشەكەی كڵێسەی نیس گوتبووی: توركیا %50 مزگەوتەكانی فەرەنسا پارەدار دەكات كە زۆرینەی ئەو مزگەوتانە ئیسلامییە توندڕەوكان لە خۆیان دەگرن".

رۆژنامەكە جەختدەكاتەوە لەوەی "ئەم ژمارانە ھەڵەنە" و لە واقیعدا وا نییە و بە ژمارە راستەقینە رووندەكاتەوە و دەڵێت: "مزگەوت و ئیمامە توركەكان ژمارە ھەرە زۆرەكەی 1/5 (پێنجیەكی) په‌یڕه‌وانی ئیسلام لە فەرەنسا پێكدێنن".

ئاماژەشیكردووە، كاریگەری موسڵمانە توركەكان و ھەڵپەكانیان بۆ فراوانخوازی بەردەوام لە زیادبووندایە. ھەروەھا رێژەی "ئیسلامییەكان"ی لە توركیاوە ھاتوونەتە فەرەنسا "پەراوێزی و مێژووییە" بەپێی دەربڕینی "لۆمۆند". ھەرچەندە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا چالاكییەكانیان دوو بەرابەر بووە.

جێگای ئاماژەیە، ژمارەی رەوەندی توركیا لە فەرەنسا لە 700 ھەزاركەس دەرباز ناكات و زۆربەیان موسڵمانن و بەشێوەیەكی تایبەت لە رۆژھەڵاتی وڵات، لە ھەردوو ناوچەی ستراسبۆرگ و میلۆز نیشتەجێن. ژمارەی موسڵمانان لە فەرەنسا بە 5 تا 56 ملیۆن كەس مەزندە دەكرێت. بەپێی راگەیاندنەكانی فەرەنساش لە ژمارەی 2600 مزگەوت، 300 تا 400 مزگەوتی پەیوەست بە رەوەندی توركی ھەیە لە وڵاتدا، كە تەنھا دەكاتە %15. ئەنقەرە 151 ئیمام دەنێرێتە فەرەنسا بۆ ھاوكاریكردنی پاریس لە دابینكردنی چوارچێوەی پێویست بۆ موسڵمانەكانی، لەبەرامبەر نزیكەی 1500 تا 1800 ئیمام بەپی راگەیاندنەكانی فەرەنسا. وێڕای ئەمەش زێدەڕۆی لە رۆڵی توركیا لە پارەداركردنیان ھەیە و لە واقعدا پێچەوانەیە و %80 پێداویستییەكانی مزگەوتەكان لە پیتاك و ھاریكاری موسڵمانە كۆچكردووەكانەوە دێت و لۆمۆند، دەڵێت: ئەمە لە سەر مزگەوتەكانی توركیش دەچەسپێت.