"گورگە بۆرەكان" دەسپێكردنی زنجیرەیەكی دیكەی گرژی لە نێوان فەرەنسا و توركیا

"وەڵاممان بۆ بڕیارە تا ئەو پەڕی سنوور یەكلاییكەرەوە دەبێت".

K24 – ھەولێر:

دوای ساڵێك لە دامەزراندنی، حكومەتی فەرەنسا رێكخراوی "گورگە بۆرەكان"ی نەتەوەیی توركیی خستەوە بەر رۆناكی و بووە نوێترین زنجیرەی گرژییە دیپلۆماسییەكانی نێوان پاریس و ئەنقەرە سەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ موسڵمانان لە فەرەنسا.

حكومەتی فەرەنسا، چوارشەممەی رابردوو ئەو كۆمەڵەیەی قەدەغەكرد، دوای ئەوەی دوو رۆژ پێشتر، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، جیرالد دارمانان ئاماژەی بەو قەدەغەكردنە كردبوو، بەڵام ئەنقەرە بەڵێنی "وەڵامدانەوەیەكی یەكلاییكەرەوە" بۆ ئەو ھەنگاوەی حكومەتی فەرەنسا دا.

دارمانان، لە چریكەیدا رایگەیاند، قەدەغەكردنی "گورگە بۆرەكان" بەھۆی ھاندانی ئەو كۆمەڵەیە بووە بۆ رەگەزپەرستی و رق و كینە و كۆمەڵەكە  لە كاری توندڕەوی تێوەگلاوە.

لە لای خۆیەوە، توركیا ئەم ھەنگاوەی فەرەنسای بە "ھەراسانكردن" ناوبرد و وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیاندراوێكدا گوتی:  "جەخت لەسەر ئازادی دەربڕین و گردبوونەوەی توركەكان دەكەین لە فەرەنسا"، ھەروەھا گوتی: "وەڵاممان بۆ ئەو بڕیارە تا ئەو پەڕی سنوور یەكلاییكەرەوە دەبێت".

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو بزووتنەوەیە درێژ دەكات لەو پێكدادانانەی لەم دواییەدا لە نێوان رەوەندی توركی و ئەرمەنی لە دیسین – شاربیۆ لە نزیك لیۆن لە رۆژھەڵاتی فەرەنسا روویدا لە ئەنجامی گرژی نێوانیان بەھۆی ململانێی ھەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ.

دەزگا راگەیاندنەكانی فەرەنسایی،رایانگەیاندبوو، دەستەواژەی ناوی "گورگە بۆرەكان" لەسەر مۆنمێنتێكی یادەوەری لە لیۆن نووسرابوو، كە تایبەت بوو بەیادەوەری كوشتاری ئەرمەن لە توركیا لە ساڵی 1915.