هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەمان توانای پێشووی دەستیپێکردەوە

گوتەبیژی حکومەت: بۆڕیە نەوتەکە چاککراوەتەوە

K24 - هەولێر

بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لەلایەن پەکەکە کرایە ئامانج، چاککراوەتەوە و دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کردەوە.

د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چاککراوەتەوە و دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد بە هەمان توانای پێشووی خۆی".

لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان رۆژی 2-11-2020 رایگەیاندبوو بەپێی زانیارییەکانی، تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سنووری تورکیا، رۆژانە 10 ملیۆن دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

بۆریەکە چوارشەممەی 28-10-2020 لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باکووری کوردستان کرایە ئامانج و بەهۆیەوە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی وەستا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی، واتا دوو رۆژ دوای رووداوەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەم کردەوەی پەکەکەی بە "کردەوەیەکی تیرۆرستی" لە قەڵەمدا و، رایگەیاند "حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بکرێت و دەست بۆ قوتی خەڵکی کوردستان ببرێت".

پەکەکە خۆشی لە راگەیەندراوێکدا کردنە ئامانجی ئەو بۆریە نەوتە لە ئەستۆ دەگرێت. پەکەکە رایگەیاندووە بە سەرکەوتوویی لە کارێکدا هێڵی نەوتی بۆتاسیان تێکداوە لە سنووری مێردینی باکووری کوردستان، لەئەنجامی ئەم کارەشدا بۆریەکە بەتەواوی تێکشکێندراوە.

ئابووریی هەرێمی کوردستان بەندە بە فرۆشی نەوتەوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق و زۆربەی وڵاتانی جیهان رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتەکەی زیانێکی دیکە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان دا.

ئەمە یەکەمجار نییە پەکەکە بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەئامانج بکات، لە ساڵی 2016 حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 14 ملیۆن دۆلار زەرەری کرد بەهۆی کارێکی دیکەی تێکدەرانەی پەکەکە لە بۆرییەکی نەوتی هەرێمی کوردستان.