لە کۆتایی ئەم مانگە دەست بە پرۆسەی خوێندن دەکرێت لە عێراق

لیژنەی باڵای تەندروستی مەرجی هەیە

K24 - هەولێر

کۆرۆنا وایکردووە خوێندنی ئەمساڵی قوتابییان و خوێندکاران لە عێراق رووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە، بەجۆرێک تائێستا مانگێک خوێندن دواکەوتووە، بەڵام بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست بە خوێندن بکرێتەوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق شەوی رابردوو (شەممە، 8-11-2020) رایگەیاند لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، دۆخی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوتوێکرا و بڕیاردرا 29ـی ئەم مانگە دەست بە پرۆسەی خوێندن بکرێت.

مەرجی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن ئەوەیە؛ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانی خۆیان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئامادەبکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا، دواتر لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکە پێشکەشی بکەن.

لە عێراق تائێستا 496 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 11 هەزار و 283 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

هـ.ر.