بایدن: متمانە و رێزی جیھان بۆ ئەمەریكا دەگەڕێنینەوە

"سەرۆكی ھەموو ئەمەریكییەكان دەبم"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

جۆ بایدن، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە گوتاری سەركەوتنیدا بەڵێنیدا ھەموو ھەوڵێك بدات بۆ پاراستنی متمانەی خەڵك و داڕشتنەوەی بنەماكانی ئەمەریكا و كارێك بكات دووبارە لە جیھاندا رێز بۆ ئەمەریكا بگەڕێتەوە. جەختیكردەوە، ھەموو ھەوڵێك دەدات بۆ كۆتاییھێنان بە كۆرۆنا.

بایدن، گوتی: "خەڵكی ئەم وڵاتە ئێمەیان سەرخست، زۆرترین دەنگمان لە مێژوودا بەدەستھێنا كە گەیشتووەتە 74 ملیۆن دەنگ. بەڵێن دەدەم كە سەرۆكێك بم ھەمیشە كار بۆ یەكخستنەوە بكەم، سەرۆكێك كە ویلایەتە سوور و شینەكان نەبینێت، بەڵكو ویلایەتە یەكگرتووەكان ببینم. ھەموو كارێكی پێویست دەكەم بۆ ئەوەی لە ئاست متمانەتان بم، باوەڕی من سەبارەت بە ئەمەریكا بەمشێوەیە، كە خەڵك بنەمای ھەموو شتێكە، ئیدارەكەشمان ھەر بەمشێوەیە دەبێت. من گیانی ئەمەریكا دەگەڕێنمەوە، بنەماكانی ئەم میللەتە دووبارە بونیات دەنێمەوە، دەبێت كارێك بكەم دووبارە رێزی ئەمەریكا بگەڕێتەوە لە جیھاندا".

لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا جۆ بایدن رایگەیاند: "رۆژی دووشەممە گرووپێكی زانستی و پێكھاتوو لە كەسانی ژیر دەستنیشان دەكەم، بۆ ئەوەی پلانی بایدن و ھاریس بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆڤید جێبەجێ بكەن، تا بیكەنە پلانێكی كار و لە 20ـی كانوونی دووەمی 2021 دەستپێبكات، پلانەكە لەسەر بنەمایەكی زانستییە، لەسەر بنەمای دڵسۆزی و خۆشەویستییە، ھەموو ھەوڵێك دەدەم بۆ كۆتایی ھێنان بەم پەتایە".