داوای كەمكردنەوەی پڕۆژەیاسای قەرزی عێراق دەكرێت

"دەكرێ قەبارەی بودجەكە بۆ نیوە كەمبكرێتە"

K24 - ھەولێر

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای قەرز تێبنییەكی ئەوتۆیان لەسەر نییە، بەڵام دەبێت قەبارەی قەرزەكە بۆ نیوە كەمبكرێتەوە.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی واعی راگەیاندووە، ئەگەر حكومەت پڕۆژەی یاسای پارەداركردنی بودجەی بە بڕێكی بچووك رەوانەی پەرلەمان بكردایە، دەكرا دەنگی لەسەربدرێت، بەڵام حكومەت ھێشتا پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 و 2021ی رەوانەی پەرلەمانی نەكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت تاوەكو ئێستا خوێندنەوەیەكی وردی بۆ داھاتەكانی نەكردووەو بەتایبەتی داھاتی دەروازەكان و باج و داھاتەكانی دیكەی نانەوتی.

دوێنی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەی یاسای پارەداركردنی بودجە كردووە، دوای گفتوگۆكردن دانیشتەنەكە بۆ دووشەممەی داھاتوو دواخرا.