بارانێک بەڕێوەیە دەنکۆڵەی ئاسن و مەگنیسیۆمی لەگەڵە و شەڕی بەبیابانبوون دەکات
K24 - هەولێر
دەستەی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق مژدە دەدات کە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ، هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت لەڕووی رێژەی باران دەشڵێ "بارانیک دەبارێت کە دەنکۆڵەی ئاسن و مەگنیسیۆمی لەگەڵدایە و شەڕی بە بیابانبوون دەکات".
ساڵی رابردوو، رێژەی بارانبارین لە سەرجەم عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بوو و، بووە هۆی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و زیادبوونی ئاوی خەزنکراو بەتایبەتی لە عێراقدا.
عەلی ساحب بەهادیلی، بەڕێوەبەری دەستەکە، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە رێکخراوی جیهانیی کەشناسی بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی عێراقی راگەیاندووە "دەستەکەمان لێکۆڵینەوەی کردووە و دەرکەوتووە، وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت، لەکاتی زیادبوونی رێژەکەش کارەساتی سرووشتی روودەدات".
ترۆپکی رێژەی بارانبارینەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی عێراق دەبێت. بەهادلی هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەو بارانەی دەبارێت دەنکۆڵەی مەگنیسیۆم و ئاسنی لەگەڵدا دەبێت، کە ئەمانەش پێکهاتەی زۆر گرنگن بۆ نەهێشتنی بەبیابانبوون و بەپیتکردنی خاک، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور".
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ساڵی 2019 لەڕووی كەشوهەوا و رێژەی بارانبارین بۆ هەرێمی كوردستان ساڵێكی تایبەت بوو، بەجۆرێک زۆرترین رێژەی بارانبارین تۆمارکرا بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو.