بەبۆنەی دەرچوونی كامالا ھاریس وەك جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ھندییەكان ئاھەنگیان گێڕِا

ھەڵبژاردنی كامالا ھاریسی بە بنەچە ھندی، جێگای "شانازییەكی گەورەیە"

K24 – ھەولێر:

ھندییەكان بەبۆنەی دەرچوونی كامالا ھاریس و بەدەستھێنانی پۆستی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، بۆ ئەو سەركەوتنە مێژووییەی ئەو ئافرەتە بەڕەگەز ھندییە ئاھەنگییان گێڕا.

دانیشتوانی گوندی سۆلاسیندرابورام، كە دەكەوێتە ویلایەتی تامیل نادو (باشوور) ئاھەنگیان گێڕا، كە بی فی گوبالان، باپیری كامالا ھاریس لەوێ لە دایكبووە و بەرپرسێكی گەورەی ھندی بووە. لەو گوندە یارییە ئاگرینییەكان هه‌ڵدران و دواتر لە پەرستگای سەرەكی نوێژیان كرد و وێنەی یەكەم ئافرەت، كە بووەتە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە تەمەنی 56 ساڵیدا، بەرزكردەوە.

گوندنشینەكان پەیكەرێكی رەنگاورەنگیان درووستكردبوو و لە سەریان نووسی بوو "پیرۆزە لە كامالا ھاریس".

سەرۆك وەزیرانی ھندستان، ناریندرا مودی، ئەمڕۆ یەكشەممە پیرۆزبایی لە جۆ بایدن كرد بە بۆنەی سەركەوتنی لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و لە پیرۆزبایینامەكەدا ئاماژەی كرد، ھەڵبژاردنی كامالا ھاریسی بە بنەچە ھندی، جێگای "شانازییەكی گەورەیە".

كامالا ھاریس خۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ئاماژەی بە شیامالا گۆبالانی دایكی كرد، كە پزیشكێكی تایبەتمەند بوو بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و لە شاری چینای لە باشووری ھندستان لە دایكبووە.

كامالا ھاریس لە پێش لایەنگرانی گوتی: دایكی "زۆر باوەڕی بە ئەمەیكا ھەبوو، كە تیادا دەتوانرێت شتێكی وەكو ئەم ساتە بەدەستبێنی".

سەرچاوە: روسیا الیوم