سیناتۆر گراھام ھانی ترەمپ دەدات پەنا بباتە بەر دادگا بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان

راگەیاندنی ناوی سەركەوتوو لە ھەڵبژارندا كاری میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن نییە

K24 – ھەولێر:

سیناتۆری كۆماری، لیندسی گراھام، پشتیوانی لە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كرد لە ھەوڵەكانیدا بۆ چەسپاندنی ئەوەی ھەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی ئەمەریكا ساختەكارییەكی بەرنامەكراوی بەخۆیەوە بینیوە.

لە دیدارێكدا لەگەڵ "فۆكس نیۆز" ھانی ترەمپی دا لەسەر بەردوامبوون لە سكاڵا تۆماركردن لە دادگا و داننەنان بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و گوتی: لەسەر دەسەڵاتدارانی پێنسلڤانیا پێویستە راستی بە ئەمەریكاییەكان بڵێن.

گوتیشی: راگەیاندنی ناوی سەركەوتوو لە ھەڵبژارندا كاری میدیا و دەزگاكانی راگەیاند نییە و "ئەگەر ئەمە رووبدات ھەرگیز سەرۆك كۆمارێك نابێت".

سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ یەكشەممە، ھەڵوێستی خۆی لە بارەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دووبارەكردەوە و گوتی: "ھەڵبژاردنێكی دزراوە". گوتیشی: "ھەڵبژاردەنەكان مێژوویەكی پڕ لە كێشەیان ھەیە" لە ئەمەریكا.