"کردەوەکانی پەکەکە هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان"

داوای هەڵوێستی تەواوی لایەنەکان دژی کردەوەکانی پەکەکە دەکرێت

K24 – ھەولێر:

پسپۆران و چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەن هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێڵی نەوتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و بە واتایی هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، داواش دەکرێت شەڕفرۆشتنی پەکەکە نەکرێتە شەڕێك لەگەڵ لایەنێکی سیاسی.

لە شنگال نیگەرانی و دەنگی هاووڵاتیان دژی بوونی پەکەکە تا دێت زیاتر ده‌بێت، پەکەکە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەت، بەڵام هەندێك لایەن لێرەو لەوێ راستی هێرشەکانی پەکەکە بە لاڕێدا دەبەن به‌ شەڕی پەکەکە و لایەنێکی سیاسی ناوده‌به‌ن، ئەمە لە کاتێکدایە پەکەکە هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگە و قوتی ژیانی خەڵك.  

وەحید مزوری، شارەزای بواری یاسا گوتی: ئەم هێرشە بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکان بە واتای هێرشکردنە سەر تەواوی لایەنە سیاسی و خەڵك و قەوارەی ھەرێمی كوردستان دێت.

شەڕفرۆشتنی پەکەکە بە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش زیانی بۆ تەواوی خەڵك و لایەنە سیاسیەکانیش هەیە؛ بەڵام تا ئێستا بەشێك لە لایەنە سیاسیەکان کە بەشداری کارایان لە حکومەت هەیە، جگە لە بێدەنگیش لێرەو لەوێ پاسا و دەهێننەوە بۆ کردوە تیرۆرستیەکانی پەکەکە. داوا لەو لایەنانە دەکرێت، هەڵوێستیان رون بێت، چونكە هێرشکردنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان بە واتای هێرشکردنە سەر ئەوانیش دێت.

ئارام رەسوول مامەند، چاودێری سیاسی گوتی: ناكرێت لایەنەكان خۆیان لە بەرپرسیارییەتی بدزنەوە، بەوەی ئەم كردەوانە بە شەڕی نێوان پەكەكە و لایەنێكی سیاسی پۆڵێن بكرێن، چونكە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ھێزی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی كوردستانە، بۆڕی نەوتی كوردستان بۆڕی نەوتی پارتێكی سیاسی نییە، ئەو سەرچاوه‌ی داھات و قوتی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە. بۆ ئەمڕۆ خەڵكی ھەرێمی كوردستان چاوی لە ھەڵوێستێكی نیشتیمانییە لە لایەنە سیاسییەكان، كە ھەست بە بەرپرسیارییەتی بكەن.

ئەم بێدەنگییەی بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان و پۆڵێنکردنی هێرشەکانی پەکەکەش بە شەڕی پەکەکە و پارتێکی سیاسی لێکدانەوەی خراپی بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا حکومەت و پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و ئەمەریکا و فەرەنساش بە فەرمی دژی کارە تێکدەرانەکانی پەکەکە و پشتگیرییان بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان دووپاتدەكەنەوە، کەچی ھەندێك لە لایەنە سیاسیەکان پاساویش بۆ کردەوە تیرۆرستیەکانی پەکەکە دەهێننەوە و ھیچ ھەڵوێستێكیان دژی پەكەكە نییە.