ترەمپ پابەندە بە ھەڵوێستەكەی: ئەمە ھەڵبژاردنێكی دزراوە

ژمارەیەك لە دانپێدانانی دەستنووس ھەیە، ئاماژە بە ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكاندا دەكەن

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ یەكشەممە، ھەڵوێستی خۆی دووپاتكردەوە لە بارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و جەختیكردەوە لەوەی "ھەڵبژاردنێكی دزراوە".

ترەمپ ئەمڕۆ یەكشەممە لە زنجیرە چریكەیەكدا لە تویتەر نووسیویەتی: "ئەو خەڵكانە دزن. دامەزراوەكانی شارە گەورەكان گەندەڵن. ئەمە ھەڵبژاردنێكی دزراوە".

گوتیشی: "باشترین دەزگاكانی ئەنجامدانی راپرسی لە بەریتانیا، ئەم بەیانییە ئاماژەیكردووە، كەوا ئاشكرایە ئەم ھەڵبژاردنە دزراو بووە و مەحاڵە وێنا بكرێت بایدن لەو ویلایەتانە سەركەوتنی بەدەستھێنابێت.. ئەوەیان دزی، كە ئەوەی پێویست بوو بیدزن".

ترەمپ ئەمڕۆ لە ھەندێك چریكەی پێشوویدا سوور بوو لە سەر ئەوەی پێویستە جارێكی دیكە چاوخشاندنەوە بە كارتەكانی دەنگداندا بكرێت و گوتی: "ئێمە ھێشتا لە سەره‌تای قۆناغی خشتەكردنی ئەنجامەكانداین".

گوتیشی: "ژمارەیەك لە دانپێدانانی دەستنووس ھەیە، ئاماژە بە ساختەكاری دەكەن لە ھەڵبژاردنەكاندا".

ھەروەھا بەردوام بوو و گوتی: "لەم وڵاتەدا مێژوویەكی پڕ لە كێشەمان ھەیە لە ھەڵبژاردنەكاندا..  ھەندێك كێشەی پرۆسەییمان ھەیە پەیوەستن بە سیستەمی راستی و متمانەیی كارتەكانی دەنگدان، ئەمە كاریگەرییەكی مەترسیدار دەكاتە سەر ھەڵبژاردنەكان بەتەواوی".

راشیگەیاند، "ئەوەی نیگەرانم دەكات، زیاتر لە سەد ھەزار كارتی دەنگدانمان ھەیە بەڕێگای پۆستەوە گەیشتوونە لە شارەكانی وەك فیلادلفیا و دیترۆیت، كە مێژوویەكی درێژیان ھەیە لە كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ھەڵبژاردنەكان".

كاتێك ئامارەكان ئاماژەیان بەسەركەوتنی جۆ بایدنی ركابەر بە زیاتر لە 270 دەنگ كرد و رێژەی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكای مسۆگەركرد؛ ترەمپ و تیمەكەی، سكاڵایان دژ بە ئەنجامەكانی دەنگدان لە دادگا سەر ھەندێك ویلایەتی "یەكلاكەرەوە"تۆماركرد و دادگا لێكۆڵینەوە لەو سكاڵایانە دەكات.