چیرۆکی کوژرانی هاووڵاتییەکی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر

لەئەنجامی شەڕی دوو کەس، گوللـەیەکی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

لە چەند رۆژی رابردوودا بەھۆی تەقەكردن و شەڕی نێوان دوو كەس لە شاری ھەولێر، كەسێك بە فیشەك بریندار دەبێت و دواتر گیانلەدەستدەدات. پۆلیسی ھەولێر دوای بە دواداچوون تۆمەتبارەكە دەستگیردەکەن، كە ھەڵگری چەكی بێ مۆڵەت بووە.

دەوران موحسین، خزم و هاوڕێی کوژراوەکەیە، رۆژی رووداوەکە بەیەکەوە بوون و لە رێگابوون بۆ چوونە سەر کار، کاتێک زنار بێتاوان دەبێتە قوربانیی شەڕی دوو کەس کە هەر ناشیان ناسێت.

زنار، تەمەنی 28 ساڵ بوو، خێزاندار و منداڵیشی هەبوو. 11 رۆژ پێش ئێستا، لەكاتی تێپەرین بە شەقامێکی گەڕەکی پێنجی حەسارۆکی ھەولێر، لەناكاو گوللـەیەکی بەردەكەوێت و بێتاوان دەکوژرێت.

دەوران موحسین، خزم و ھاوڕێی كوژراوەکەیە، دەڵێ "دوو کەس لەسەر شەقامەکە بەشەڕ هاتبوون، گوللـە بە پشتمان رەتدەبوون و، ئێمە نەوەستاین، بەڵام زنار لەسەر ماتۆڕەکەی هاتەخوارەوە و زانیم گوللـەی بەرکەوتووە. زنار دەستی بەشێوەیەک دەجوڵاند، ئیدی زانیم گوللـە بە پشتی کەوتووە و لە سنگییەوە دەرچووە... داخوازیمان لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە؛ هەر کێشەیەک هەبێت لەسەر شەقام گوللـە نەتەقێنن، لە ماڵی خۆتان و لەنێوان خۆتان چارەسەری بکەن".

تۆمەتبارەكە دوای چەندین رۆژ گەڕان و لێكۆڵینەوەی پۆلیسی ھەولێر، دەستگیركرا. ئۆتۆمبێل و چەكەكەی دەستی كە تەقەی پێكردووە و بێ مۆڵەتە دەستیان بەسەرداگیراوە.

گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ئاماژە بەوەدەكات؛ جیا لە سزای كوشتنی ئەو ھاووڵاتییەی رۆژئاوای کوردستان، تۆمەتبارەکە بەهۆی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتیش سزا دەدرێت.

ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێ "ماوەیەکە هەڵمەتێکی چڕمان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، تاوەکو بیاندەینە دادگا و ئەو پەڕاوانەی پێشتریش بە کراوەیی ماون کۆتاییمان پێهێناون، بۆ ئەوەی هەموو تۆمەتبارەکان رادەستی یاسا بکەین".

 

هـ.ر.