هونەرمەندێک میوزیکی رۆک ئاوێزانی گۆرانیی کوردی دەکات

گەردن زەری وەکو ئەفسانەی رۆکی کوردی ناوزەد دەکرێت


K24 - جۆرجیا

کەرەم گەردن زەری، یەکەم کوردە میوزیکی رۆکی ئاوێزانی ھونەر و گۆرانیی کوردی کردووە و، لە رێگەی ئەو هونەرەوە گوزارشتی لە رووداوە خۆش و ناخۆشەکانی گەلی کورد کردووە.

وەک خۆی دەڵێت لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەستی بە ژەنینی گیتار کردووە و لە سەرەتای حەفتاکاندا لەگەڵ سێ لاوی دیکە کۆما وەتەنی لە تبلیس دروست کردووە، بە چڕینی پڕ لە ھەست، ھۆنراوەی ھەڵبەستڤانە ناودارەکانی کورد، رۆکی کوردی دەوڵەمەندتر کردووە.

ھونەرمەند کەرەم گەردن زەری دەڵێ "لە ساڵی 1970 بوو ئێمە زۆر حەزمان لە میوزیکی رۆک بوو، بۆیە چوار کەس کۆبووینەوە و کۆما رۆکا کوردیمان دامەزراند، کارماندەکرد و گۆرانیمان بەرهەمدەهێنا".

کەرەم گەردن زەری وەکو ئەفسانەی رۆکی کوردی ناوزەد دەکرێت. ئێستاش سەرقاڵی بەرھەمێکی نوێ و ئامادەکارییە بۆ سازکردنی چەند کۆنسێرتێک.

گەردن زەری لە 6-3-1952 لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا لەدایکبووە. ئەو یەکەم کوردە هەوڵبدات نەھامەتی و خۆشییەکانی کوردستان لە رێگەی میوزیکی رۆکەوە بۆ جیھان بگوازێتەوە.

ئەو هونەرمەندە لە ساڵی 1988 داھاتی ئەلبوومی "بایێ پایزێ"ـی پێشکەشی قوربانییانی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە کردووە.

گەردن زەری تائێستا شەش ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە و زۆربەی گۆرانییەکانی بۆ یەکگرتوویی کورد و کوردستانێکی سەربەخۆن. وەک خۆشی دەڵێ بەرھەمی نوێی دەبێت.

 

هـ.ر.