بۆ دابینكردنی مووچە حكومەتی عێراق چاوەڕێی پەرلەمانە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای قەرز دەكەن

K24 – ھەولێر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی دووەم لەبارەی پڕۆژەیاسای قەرز دەكەن.

بڕیارە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساكە و بانگھێشتكردنی سەرۆكی حكوومەت و  وەزیری  دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بڕیاری خۆیان لەبارەی پڕۆژەیاساكە و بڕی قەرزەكە دەدەن.

ھەروەھا بڕیارە ئەمڕۆ لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە یاسای قەرز و پڕۆژە بودجەی 2021 بكرێ و دوای ئەوەش لیژنەی دارایی قسەی خۆی دەبێت لەبارەی تێپەڕاندنی.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، پێی باشە بڕی قەرزەكە لە 41 ترلیۆن دینارەوە كەمبكرێتەوە بۆ 15 ترلیۆن دینار.

ئەمە لەكاتێكدایە بەھۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەتی عێراق ناتوانێت مووچە فەرمانبەران دابین بكات، تائێستاش مووچەی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی دابەش نەكردووە و چاوەڕێی پەسندكردنی پڕۆژەياسای قەرز دەكات، بۆ ئەوەی لە رێگەی قەرزەوە مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.