عێراق لە ھاوردەكردنی كاڵای ئێرانی پێشەنگە

لە حەوت مانگدا زیاتر لە 17 ملیۆن و 683 ھەزار تۆن كاڵای ھاوردەكردووە

K24 - ھەولێر

عێراق لە ماوەی 7 مانگدا بە بڕی نزیكەی 5 ملیار دۆلار كاڵای لە ئێرانەوە ھاوردەكردووە، ئەوەش بە ئاستێكی پێوانەیی ھەژماردەكرێت.

بەگوێرەی ئاژانسی فارسی ئێرانی, بەڕێوەبەرایەتی گومرگەكانی ئێران ئاماژەیداوە، عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كاڵایان لە ئێرانەوە ھاوردەكردووە لە ماوەی 7 مانگی رابردوو لە پێشەنگ بووە .

جەختیشیكردووەتەوە، عێراق لەو ماوەیەدا زیاتر لە 17 ملیۆن و 683 ھەزار تۆن كاڵای ھاوردەكردووە، كە بە بەھای زیاتر لە 4 ملیار و 854 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوە ژمارەیەش بە پێوانەیی ھەژماردەكرێت كە لەو ماوەیەدا تۆماركرابێت.

ھەرچی ئیماراتە لە پلەی دووەمی لیستەكەدا ھاتووە لەنێو وڵاتانی دراوسێدا بە بڕی 8 ملیۆن و 500 ھەزار تۆن كاڵای لە ئێران ھاوردەكردووە، كە بە بەھای 2 ملیار و 272 ملیۆن دۆلار بووە، دواتر توركیا بە 4.794 مليۆن تۆن كە بەبەھای  1.489 مليار دۆلارە، و باكستان 1.257 مليۆن تۆن بـەبەھای 491 مليۆن دۆلار. ئەفغانستان بە  4.077 مليۆن تۆن  بـەبەھای 1.325 مليار دۆلار و پاكستان بە 1.257 مليۆن تۆن و بەبەھای 491 مليۆن دۆلار و بەگشتیش ئەو وڵاتانە دەستیان بەسەر 63%ـی كۆی ھەناردەكانی ئێران گرتووە لەو ماوەیەدا.