بەوێنە.. ساتی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێک لەسەر نەخۆشخانەیەک

دڵێکی بەخشراوی هەڵگرتبوو و دواتر دڵەکە بەسەرکەوتوویی بۆ نەخۆشێک چێنرا

 K24 - هەولێر

هەلیکۆپتەرێک کە دڵێکی بەخشراوی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی بۆ نەخۆشێک بچێنرێت، لە نەخۆشخانەیەکی لۆس ئەنجلس لە ئەمەریکا، لەسەربانی نەخۆشخانەکە کەوت و بەشێکی تێکشکا، بەڵام دڵەکە رزگارکرا و بە سەرکەوتوویی بۆ نەخۆشەکە چێنرا.

هەرچەندە وێنەکان دەریدەخەن، رووداوەکەی رۆژی هەینی رابردوو (6-11-2020) سەخت بووە، بەڵام هیچکام لە سێ سەرنشینەکەی هەلیکۆپتەرەکە کە پێکهاتوون لە فڕۆکەوانێک و دوو ئەندامی تیمێکی پزیشکی، برینیان سەخت نییە.

 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوای رووداوەکەدا، کارمەندانی فریاکەوتن دەردەکەون، کە دوای کەوتنی هەلیکۆپتەرەکە بەخێرایی کاردەکەن بۆ دەرهێنانی دڵەکە.

دڵەکە لەنێو ئامێری هەڵگرتنی تایبەت لەنێو هەلیکۆپتەرەکەدا گیریخواردووە، بۆیە کارمەندانی فریاکەوتن هەلیکۆپتەرەکە کوندەکەن و دڵەکە دەردەهێنن پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت.

نەخۆشخانەکە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی دڵەکە رزگارکرا، توانرا بە سەرکەوتوویی بۆ نەخۆشەکە بچێنرێت.

هـ.ر.