بایدن: ڤاكسینی كۆمپانیای فایزەر چەند مانگێكی پێویستە تا بە بەرفراوانی لە ئەمەریكا دەستەبەربێت

راگەیاندنەكەی كۆمپانیای" Pfizer Incھەواڵێكی نایاب بوو"

K24- ھەولێر:

سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا جۆزێف بایدن گوتی: ڤاكسینەكەی كۆمپانیای فایزەر دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند مانگێك دەخایەنێ پێش ئەوەی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستەبەر بێت.

ئەمڕۆ، دووشەممە، كۆمپانیای "Pfizer وBioNTech" رایاگەیاند، قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكەیان دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەركەوتوویی كۆتایی ھاتووە.

ھەردوو كۆمپانیای "BioNTech" ی ئەڵمانی و ھاوبەشەكەی "Pfizer"ی ئەمەریكی مەزندەیانكرد ڤاكسینە نوێیەكە بەفەرمی لە كۆتایی ئەم مانگە تۆمار بكرێت. ھەروەھا ھەردوو كۆمپانیا جەختیانكردەوە لەوەی ڤاكسینەكە لە %90 حاڵەتەكان كاریگەری خۆی بەدیارخستووە، بەبێ ئەوەی ھیچ تێبینییەكی جدی لەسەر سەلامەتی پێكوتەكە ھەبێت.

بایدن گوتی: راگەیاندنەكەی كۆمپانیای"Pfizer Inc" ھەواڵێكی نایاب بوو"، بەڵام ھۆشداری دا لەوەی چەند مانگێكی دەوێت تا ئەو ڤاكسینە بەشێوەیەكی بەرفراوان بەكاربھێنرێت و ئەمەریكاییەكان پێویستییان بەبەردەوامبوونە لە سەر دەمامك بەستن و و خۆپاراستن و خۆدوورگرتنی كۆمەڵایەتی.

بایدن لە راگەیاندراوێكدا گوتی: ھەوڵەكانی ئەمڕۆ ھەواڵی دڵخۆشكەرن، بەڵام ئەو راستییە ناگۆڕێت. راگەیاندنی كۆمپانیای" Pfizer Inc مژدەی گۆڕانگاری دەدات بۆ ساڵی داھاتوو، بەڵام ئێستا ئەركمان ھەر وەكو خۆیەتی".

سەرچاوە : رۆیتەرز