راگەیەندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (9ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020)، له‌ باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی "نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و هه‌ردوولا "پابەندیی خۆیان دووپاتكردەوە بەڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و نەهێشتنی رۆتین لەڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

ئەمڕۆ دووشەممه (9/11/2020) لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسكردنی وەفدی هەردوولا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە تیشكخرایە سەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و بارودۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و داراییەوە كە بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، جیهان و عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە. 

 

بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی كاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی كردەوە و ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و هاوكاریی سەرخستنی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەكان.

دواتر وەفدی هەردوولا گفتوگۆی راشكاوانەو بەرپرسانەیان لەسەر كۆی پرسەكان كردو دووپاتی بەرپرسیاریەتیی هاوبەشیان بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، هەردوولا كۆك بوون كە پێویستە پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جددی و كردەیی بنێن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان و هەموو تواناكانیان بخرێنەگەڕ بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخەو پشتیوانیی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.

بارودۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو، هەردوولا كۆك بوون كە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، ئەركی  هەموو لایەكە.

هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەكان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دووپاتكردەوە و لەم رووەوە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەرز هەڵسەنگێنراو دووپاتی بەردەوامی ئەو هەماهەنگییە كرایەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسی و ئیدارییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لەنێویشیاندا بابەتی لامەركەزییەت لە هەرێمی كوردستان، هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات كردەوە بەڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و نەهێشتنی رۆتین لەڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان، لەم رووەوە هەنگاوەكان بەئەرێنی هەژماركران و دووپاتی بەردەوامیی كاری هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكان كرایەوە و میكانیزمی گونجاو لەو رووەوە بڕیاری لێدرا.

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا،دووپاتی بەردەوامی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا كرایەوە كە ئامانج لێی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی سەر شانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان 

پارتی دیموكراتی كوردستان 

9/11/2020