بەرگری رووسیا: ھێلیكۆپەترێكمان لە ئەرمینیا كەوتە خواره‌وه‌ و دوو لە ستافەكەی كوژران

خەریكی لێكۆڵینەوەین لەو رووداوە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو لایەنەی ھێرشیكردووە

K24- ھەولێر:

وەزارەتی بەرگری رووسیا، ئەمڕۆ ئێوارەی دووشەممە رایگەیاند، ھێلیكۆپتەرێكیان لە لە جۆری "می-24"ی سەر بەھێزەكانیان لە ئاسمانی ئەرمینیا لە نزیك سنووری ئازەربایجان كەوتەخوارەوە و بووە ھۆی كوژرانی دوو لە ستافەكەی و برینداربوونی سێیەمیان.

وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "9ی تشرینی دووەم و لە كاتژمێر 17:30 بە كاتی مۆسكۆ، ھێرشكرایە سەر ھێلیكۆپتەرێكمان لە جۆری می-24 و لە زه‌وییەوە لە لایەن سیستەمێكی بەرگری ئاسمانی گەڕۆكەوە دراوەتە بەر گوللـە".

وەزارەت روونیشكردووەتەوە، رووداوەكە لەو كاتەدا بووە، كە ئەو ھێلیكۆپتەرە "یاوەری كاروانێكی ئۆتۆمبێلی دەكرد بۆ بنكەی 102ی سەربازی رووسی لە ناو خاكی كۆماری ئەرمینیا، لە بواری ئاسمانی لە نزیك شارۆچكەی ئێرساخ لە نزیك سنووری كۆماری "نەخچه‌وان" خاوەن ئۆتۆنۆمیی كۆماری ئازەربایجان".

راگەیاندراوەكە گوتیشی: رووداوەكە بووەتە ھۆی "كوژرانی دوو كەس لە ستافی ھێلیكۆپتەرەكە و سێیەمیشیان بریندار بووە".

وەزارەتی بەرگری رووسیا روونیشیكردەوە، ھێلیكۆپتەرەكە لە ناوچەیەكی چیایی لە ئەرمینیا كەوتووەتە خوارەوە. ئاماژەشیكرد، فەرماندەی بنكەی 120 لە گۆمریا خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەو رووداوە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو لایەنەی ھێرشیكردووە.

ئەم رووداوە لە كاتێكدایە، شەڕ لە ھەرێمی قەرەباغ  لە نێوان ھەردوو لایەنی ئازەربایجانی و ئەرمەنی توند بووە.

سەرچاوە: سپۆتنیك ئەرمینیا