ئازەربایجان دانینا بە خستنەخوارەوەی ھێلیكۆپتەرێكی رووسی لە ئەرمینیا

K24- ھەولێر:
ئازەربایجان دانیینا بەوەی ئەمڕۆ ھێزەكانی بەھەڵە ھێلیكۆپتەرێكی سەربازی رووسییان لە ئاسمانی ئەرمینیا خستووەتە خوارەوە و لە بارەی رووداوەكەوە داوای لێبوردنیكرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە راگەیاندراوێكدا گوتی: ھەڵەكە بۆیە روویداوە، چونكە ھێلیكۆپتەرە رووسییەكە لە نزیك سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ھەڵدەفڕی، لە كاتێكدا شەڕ و پێكدادان لە ناگۆرنۆ قەرەباغ زۆر توندە.
وەزارەتەكە ئاماژەیكرد، ھەڵفڕینەكە لە تاریكاییدا بووە و ھێلیكۆپتەرەكە له ئاستێكی نزمدا دهفڕی و لە دەرەوەی چاودێری رادارەكانی ئامرازەكانی بەرگری ئاسمانی بووە. روونیشیكردەوە، پێشتر ھێلیكۆپتەری رووسی لەو ناوچەیه ھەڵنەفڕیون.
وەزارەتەكە گوتیشی: "لایەنی ئازەربایجانی داوای لێبوردن لە لایەنی رووسی دەكات سەبارەت بەم رووداوە تراژیدییە، كە بەھەڵەیەكی نامهبهست روویداوە و دژ بە رووسیا ئاراستە نەكراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كەسوكارێ ستافی ھەردوو كوژراوەكە كرد و باكۆ ئامادەیی خۆی بۆ قەربووكردنەوەی مۆسكۆ لەم رووداوە دەربڕی.
وەزارەتی بەرگری رووسیا، ئەمڕۆ ئێوارەی دووشەممە رایگەیاند، ھێلیكۆپتەرێكیان لە جۆری "می-24"ی سەر بەھێزەكانیان لە ئاسمانی ئەرمینیا لە نزیك سنووری ئازەربایجان كەوتەخوارەوە و بووە ھۆی كوژرانی دوو لە ستافەكەی و برینداربوونی سێیەمیان.