لایەنەكانی عێراق لەسەر قەرز بۆ مووچە رێكناكەون

كازمی بۆ دابەشكردنی مووچە داوای ھاوكاری دەكات

K24 ھەولێر

دوای دوو كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، لایەنەكان نەیانتوانیوە بگەنە رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز، كە حكومەتی عێراق داوای كردووە و دەیەوێت لە رێگەی قەرزەوە مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.

بڕیارە سبەی چوارشەممە، جارێكی دیكە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی کۆببێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ نەتوانرا رێککەوتن لەسەر بڕی ئەو قەرزە بکرێت، کە حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە داوای دەکات.

لەلایەکی دیکەوە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک لایەن قەیرانی کورتهێنانی دارایی بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردێنن، هیواشی خواست، پەرلەمان هاوکار بێت، بۆ تێپەڕاندنی رێکارە داراییەکان، بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی مووچە.

حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی مووچەی دوو مانگی كۆتایی ئەمساڵ داوای 41 ترلیۆن دینار قەرزی كردووە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكانی عێراق لەناو پەرلەمان دژی وەستاونەتەوە.