دیندار زێباری: بەھۆی بۆردومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان تائێستا 28 ھاووڵاتی شەھیدبوونە

"تەنھا ئەمساڵدا 272 ھێرشی ئاسمانی لەلایەن توركیاوە كراوەتە سەر ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد، لە ساڵی 1995ـەوە تائێستا 28 ھاووڵاتی سڤیل لە ناوچە سنوورییەكان بەھۆی بۆردومان و تۆپباران شەھید بوونە، ئاماژەی بەوەشدا تەنھا لە سنووری شیلادزێ 85 گوند بەھۆی پەكەكەوە چۆڵكراون.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 272 ھێرشی ئاسمانی لەلایەن توركیاوە كراوەتە سەر ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا 185  جار ناوچە سنوورییەكان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە تۆپباران كراون".

دیندار زێباری، گوتیشی: "لە ساڵی 1995 تائێستا 28 ھاووڵاتی سڤیل بەھۆی بۆردومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان شەھیدبوونە، تەنھا لەماوەی ئەمساڵدا 5 كەس شەھیدبوونە و 10 كەسی دیكەش برینداربوونە".

راشیگەیاند: "لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زیاتر لە 33 جار بۆردومانی دەڤەری بادینان-یان كردووە، ھەروەھا لەلایەن تۆبخانەكانی توركیا 20 جار تۆپبارانی ناوچەكە كراوە، تەنانەت ھەندێك جار بە چەكی بچووكیش تەقە كراوە، ھاوكات ئێران ناوچە سنوورییەكانی تۆپباران كردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "بەھۆی بوونی پەكەكە لە دەوروبەری شیلادزێ 85 گوند ھەر لە ساڵی 1995ـەوە چۆڵكراون، خەڵكی ئەو گوندانە قەدەغەیان بۆ دانراوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان، ھەروەھا 169 گوندی دیكە لە ناوچەی ئامێدی لەلایەن پەكەكەوە قەدەغەیان خراوەتەسەر و رێگە نادەن خەڵك بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بچنەوە گوندەكانیان، ئەمە جێگەی نیگەرانی خەڵك و ئێمەشە، خەڵكی ئەو گوندانە لە ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو بەھۆی رژێمی بەعسەوە ئاوارەبوونە، ئێستا جارێكی دیكە بەھۆی پەكەكە ئاوارەبوونەتەوە".