ئەمەریکا.. گەلێك هۆشیارتر لە سەرکردەکانی

Kurd24

ئێستا بەشێکی دونیا بە ئەقڵیەتێکی مەترسیداری گەورەی دابەشکاری کۆمەڵگە تێپەڕدەبێت، بەتایبەتی لە ئەوروپا ئەقڵیەتی راستڕەوەکان لە هەڵکشان دایە، لە چەندین وڵات هاتوونەتە پێش و لە هەڵبژاردنەکانیش رۆژ بە رۆژ لە سەرکەفتن دانە، لە رۆژهەڵاتیش خەریکە دابەشکاری ئایینی دەبێتە سیمای سەرکەوتن، نەخاسمە ئەو سەرکردانەی لە سیاسەت یان ئابووری خەریکی دۆڕانن یەکەمین شت پەنای بۆ دەبەن گەشەپێدانی دەمارگیری ئیتنی و ئایینی و مەزەبییە، بۆنموونە لە هیندستان زیندووکردنەوەی مزگەوتی بابری و جوڵاندنی هەستی دوژمنداری نێوان هیندۆس و مسوڵمانەکان، لە میانمار مسوڵمان و بووزییەکان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەرکە سەرکردەیەك مەترسی دۆڕانی لەسەر بوو یەکسەر پەنا دەباتەبەر بەرزکردنەوەی قورئان و بەکارهێنانی وشەی دینی، یان گڕ لە ئاگری سەدان ساڵەی شیعەو سوننە بەردەدەنەوە، هەندێکجاریش دەمارگیری نەتەوەیی دەکەنە ئامرازی بەرزکردنەوەی جەماوەری، کە بەداخەوە سەرکەوتووش بوونە.

ترەمپ بە هەمان ئەقڵیەت و بە هەمان گوتار جۆش و خڕۆشێکی زۆری لەناو خەڵکی وڵاتەکەی دروست کرد، بۆ بەزاندنی نەیارەکانی، ئینجیلی بەرزکردەوەو چووە كڵێسا، نەك بۆ دینداری، ئاستەنگی خستە بەردەم مسوڵمانان، هەناسەی جۆرج فلۆیدە رەشپێشتەکانی بڕی...، بەڵام دواجار دەرکەوت ئەگەر خەڵکێکی زۆریش هەڵپەی ئەم گوتارە بێت، لێ زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا وشیارتربوون لەوەی بکەونە ئەو تەڵەیە، ئێستا ئەو دەربچێت یان نا، پێیان گووت: نا بۆ دابەشکاری کۆمەڵگە لەسەر بنەمای: (ئایین، رەنگ، ناوچەگەری، خەڵکی رەسەن و پەنابەر، جیاکردنەوەی منداڵ و لە دایبابەکان...). بە دڵنیاییەوە ئەگەر لە وڵاتێکی رۆژهەڵاتی بوایە کە تا ئێستاش خەڵکەکەیان لەسەر دەمارگیری و دابەشکاری کۆمەڵگە پەرودە دەکەن، دەنگەکانی سێ ئەوەندەی رکابەرەکەی دەبوونەوە، بەڵام هاوڵاتیانی هۆشیار لەسەر سندووقی دەنگدان توانیان لە شوێنێك رایبگرن، کە هەموو دەزگا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە ماوەی چوار ساڵ پێیان نەکرا.