ھاتنی وەزی سەرما خواست بۆ جلوبەرگی لەنگە زیاد دەكات

زۆربوونی خواست بۆ باشی كوالێتی كاڵاكان دەگەڕێتەوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستان بازاڕی جل و بەرگی زستانە گەرم دەبێت، بەتایبەت بازاڕی جل و بەرگی کۆنە، کە لەلایەن بەشێک لە ھاووڵاتییان خواستی لەسەرە. بەگوتەی بەشێک لە ھاو,ڵاتیان لە وەرزی زستان زیاتر حەز بە پۆشین و کڕینی جل و بەرگی کۆنە دەکەن چونکە کوالێتی باشەو لە ڕووی نرخیشەوە لە جل و بەرگی دیکە نرخی گونجاوترە.

باسم محه‌ممه‌د، ھاووڵاتی لەگەڵ خێزانه‌كه‌ی ھاتوونەتە بازاڕو دەیانەوێت خۆیان بۆ وەزری زستان ئامادە بکەن، ئەو گوتی: ھەر کاتێک بێتە بازاڕ سەردانی بازاڕی کۆنە دەکات و بێ کڕینی کاڵایەک بۆ خۆی یاخود خێزانه‌كه‌ی ناگەڕێتەوە.

جل و بەرگی  کۆنە لە ئەوروپاوە دەھێنرێتە ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە وڵاتانی سویدو نەرویج و دانیمارک، شێوازی ھاوردەکردنەکەشی دووجۆرە، جۆرێکیان ئەو کەسانەی کە دوکاندارن خۆیان لە وڵاتانەوە جل و بەرگی کۆنە ھاوردە دەکەن، جۆرێکی دیکەشیان ھەندێک کۆمپانیای تایبەتمەند لە وڵاتانەوە ئەو کاڵایە دەھێنن و لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ساخی دەکەنەوە.