لە عێراق زیاتر لە شەش ھەزار پڕۆژە ھەڕەشەی وەستانیان لەسەرە

تەواوكردنی پڕۆژەكان پێویستیان بە 100 ملیار دۆلار ھەیە

K24 – ھەولێر:

لەگەڵ كەڵەكەبوونی زیاتر لە 6 ھەزار پڕۆژە و ھەڕەشەی وەستانی كارەكانیان، عێراق بڕیاری داوە ئەو پڕۆژانە دەستنیشان بكات كە پێویستە زووتر تەواوبكرێن.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ھۆشداری دەدات، بەھۆی ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە، زیاتر لە 6 ھەزار و250 پڕۆژە رووبەڕووی مەترسییەكانی وەستان بوونە، جەختیشیكردەوە، تەواوكردنی كارەكان لەو پڕۆژانە پێویستیان بە 100 ملیار دۆلارە.

عەبدولزەھرە ئەلھنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وڵاتان رووبەڕووی قەیرانێكی گەورەی دارایی و ئابووری بوونەتەوە، بەتایبەتی عێراق كە نزمبوونەوەی نرخی نەوت ھەڕەشە لەسەر وەستانی ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژەكانی دەكات؛ ئەوانەی لە كەرتە جیاجیاكاندایە و جێبەجێكردنیشان پارەیەكی زۆری دەوێت، ھەر بۆیە وەزارەتەكە تیشك دەخاتە سەر تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی %60ـی كارەكانیان تەواو بووە.