جیاوازی نێوان سەردەمی بایدن و سەردەمی تڕەمپ!

Kurd24

ئەگەر چاوێک بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەمریکادا بخشێنین، دەبینین چەند کاتژمێرێک لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان و داخستنی سندوقەکان، بە دیاریکراوی لە نێوان کاتژمێر (11  بۆ 1)ی شەو بەکاتی (واشنتن .D.C) ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕادەگەیەنران، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بە هۆی کاریگەریەکانی پەتای کۆڕۆنا، زیاتر لە (100) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی، پێشوەختە دەنگیاندا لە ڕێگای (ئەلیکترۆنی و پۆستە)وە، ئەمەش بووە هۆی دواخستنی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان و درەنگ ڕاگەیاندنی کاندیدی براوە.

دوای تێپەرپوونی چوار ڕۆژ ئینجا (جۆ بایدن) توانی دەنگی پێویست لە دەستەی هەڵبژاردن (ئیلکتۆڕاڵ کۆلیج) کۆ بکاتەوە و سەرکەوتن ڕابگەیەنێت، بەڵام (دۆناڵد تڕەمپ) ئەم سەرکەوتنەی ڕەتکردەوە و پەنای بردەبەر دادگا و سکاڵای تۆمارکرد بە بەهانەی بوونی ساختەکاری لەلایەن دیموکراتەکانەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی پێشوی ئەمریکادا (وەک نەریتێکی دیموکراسی)  کاندیدی دۆڕاو بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە کاندیدی براوە دەکرد و هەردوو کاندید وتاریان پێشکەشی لایەنگرانیان دەکرد، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لەم هەڵبژاردنەدا  ئەم نەریتە وا زوو لەلایەن (دۆناڵد تڕەمپ)ەوە جێ بەجێ بکرێت تاکو دەرەنجامی سکاڵاکان دەرنەچن.

بە گوێرەی دەستوری ئەمریکا (دۆناڵد تڕەمپ) وەک سەرۆکی (کاربەڕێکەر) بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە تاکو ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/20) کاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ، دواتر (جۆ بایدن) سەرۆکی ژمارە (46) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە.

وێڕای ڕەتکردنەوەی سەرکەوتنی بایدن لەلایەن تڕەمپەوە، بەڵام چاوەڕووان دەکرێت (سەرۆکی هەڵبژێردراو) لە ماوەی (100) ڕۆژی یەکەمی دەست بەکاربوونیدا ئەم کارانە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ئەنجام بدات:

* ئەجیندای بایدن لە ئاستی ناوخۆی ئەمریکادا:

1- جێبەجێکردنی پلانی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و سنور دانان بۆ بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا لە ڕێگای بەستنی ماسک و خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان.

2- جێبەجێکردنی پلانی نیشتیمانی بۆ بوژانەوەی ئابوری ئەمریکا و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی ئەمریکا.

3- یەکخستنەوەی کۆمەڵگای دابەشبووی ئەمریکا، وەک لە وتاری دەرچوونیدا ڕایگەیاند کە ئەو سەرۆکی هەموو ئەمەریکیەکانە بەبێ جیاوازی ئاین و مەزهەب و حیزب و ئایدۆلۆژیا و ڕەگەز...هتد. بەتایبەت ساڕێژکردنی برینی ڕەگەزپەرستی لە ڕێگای هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ناکۆکی نێوان پۆلیس و ڕەشپیستەکان.

4- چاکسازیکردن لە سێکتەری دادوەری، بە هاوبەشی لەگەڵ  دەسەڵاتەکانی (دادوەری و کۆنگریس)

5- چاکسازیکردن لە سیستەمی کۆچبەر و پەنابەران.

* ئەجیندای بایدن لە ئاستی دەرەوەی ئەمریکادا:

1- پڕکردنەوەی ئەو کەلێن و درزانەی کە تڕەمپ لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا دروستی کردوون.

2- چوونەوە ناو ڕێکەوتنی (پاریس) بۆ کەش و هەوا.

3- زیندوکردنەوە و فراوانکردنی ڕێکەوتنی ئەتۆمی (5+1) لەگەڵ ئێران و ئەگەری دەستکاریکردنی ڕێکەوتنەکەش هەیە، هەروەها ئەگەری هێشتنەوەی بەشێک لە سزاکانیش لە ئارادایە.

4- درێژەپێدان بە ستراتیژیەتی ئاسایکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و ووڵاتانی عەڕەبی.

5- سنور دانان بۆ پەلکێشیەکانی تورکیا و ئۆردغان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و دەریای ڕەش و دەریای سپی ناوەڕاست.

6- گرتنەبەری ڕێکاری دیبلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ چین و ڕوسیا.

7- ڕووبەروو بوونەوەی کۆریای باکور لە ڕێگای خستنە سەری سزای ئابوری زیاتر.

ئەمریکای سەردەمی بایدن تەواو جیاواز دەبێت لە ئەمریکای سەردەمی تڕەمپ، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت پڕۆسەی داڕشتنی بڕیار و دیاریکردنی سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی جۆ بایدندا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، واتە پڕۆسەی داڕشتنی بڕیار لە سەردەمی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکادا وەک جاران بە ڕاوێژ لەگەڵ دام و دەزگاکانی وەک (کۆنگرێس و CIA و پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە و هەندێک لە ناوەندەکانی Think Tank) ئەنجام دەدرێت، پێشنیار و بژاردەکان لە خوارەوە بۆ سەرەوە گەڵاڵە دەکرێن، جیاواز لە سەردەمی تڕەمپ کە بە تاک لایەنە و بێ پرس و ڕاوێژ لە ڕێگای تویتەر و لە سەرەوە بۆ خوارەوە بڕیارەکانی دەردەکردن.

٭ کارۆخ خۆشناو

سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)