وەزارەتی پێشمەرگە: نیگەرانی ئەو رووداوەی ئه‌مڕۆین

"شەهیدان و کەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن"

K24 - هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانی ئەو رووداوەی ئه‌مڕۆیە کە لە هەولێر لەکاتی پێشکەشکردنی هاوکاری بەسەر کەسوکاری شەهیدان روویدا و، دەڵێ "شەهیدان و کەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن".

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی پێشمەرگە و رووداوەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-11-2020) زیاتر لە 250 خێزانی شەهیدانی شەڕی داعش لە دەرەوەی هەولێرەوە بانگهێشتکراون بۆ هەولێر تاوەکو لەلایەن رێکخراوی خێرخوازیی رێگەی پێشکەوتنی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان، هاوکارییان پێشکەش بکرێت، بەڵام خێزانەکان هاوکارییەکانیان رەتکردەوە و سووتاندیانن.

هاوکارییەکان لە جلوبەرگی زستانە، پێڵاوی منداڵان، ژنان و کەلوپەلی دیکە پێکهاتوون. کەسوکاری شەهیدان، ئەوانەی لەبەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر چاوەڕێ بوون هاوکارییەکان وەربگرن، باس لەوە دەکەن کەلوپەلەکان کۆنە بوون و لە ئاست کەسوکاری شەهیداندا نین، بۆیە هەر لەبەردەم نەخۆشخانەکە سووتاندوویانن.

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەڕێزان کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان

نیگەرانین لەو رووداوە نەخوازراوەی کە ئەمڕۆ ۱۱/۱۱/ ۲۰۲۰ ی بەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەشاری هەولێر روویدا.

لەگەڵ رێزو پێزانینمان بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مرۆییەکان کە هەمیشە هاوکارو یارمەتیدەری باشی وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگەن.

دیارە، ئەمڕۆش رێکخراوێکی خێرخوازی جیهانی، لەپڕۆژەیەکدا بڕیاریدا بە دابەشکردنی کۆمەڵێک کەل و پەلی وەک هاوکاری پێشکەش بەکەس و کارو وارسی شەهیدانی شەڕی دژ بەداعش. تیایدا جۆر و قەبارەی کەرەستەکان گلەیی و نیگەرانی کەس وکاری سەربەرزی شەهیدانی لێکەوتەوە.

ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیگەرانی ئەو رووداوەین، شەهیدان وکەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بەئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان