عەلییڤ: شەڕی قەرەباغ تەواو بوو و ئازەربایجان تێیدا سەركەوت

داوای قەرەبووكردنەوە لە ئەرمینیا دەكەین

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییڤ رایگەیاند، شەڕ لە ناوچەی قەرەباغ بە سەركەوتنی وڵاتەكەی كۆتایی ھات.

عەلییڤ لە میانی چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ سەربازە بریندارەكان لە نەخۆشخانە جەختیكردەوە لە راوەستانی شەڕ لە قەرەباغ و گوتی: "شەڕی نیشتیمانی" كۆتایی ھات و ئازەربایجان تێیدا سەركەوت.

سەرۆكی ئازەربایجان ئاماژەشیكرد، باكۆ قەبارەی وێرانكارییەكان لە قەرەباغ دەخەمڵێنێت و داوای قەرەبووكردنەوە لە ئەرمینیا دەكات.

ئەمە لە كاتێكدایە، ئازەربایجان و ئەرمینیا رێككەوتنێكیان واژووكرد بۆ راگرتنی شەڕ و بەپێی رێككەوتنەكە لایەنی ئازه‌ربایجانی ئەو زەویانەی دەستیبەسەرداگرتوون لە خولی نوێی ھەڵگیرسانی شەڕ بۆخۆی دەبێت و ھێزەكانی ئاشتیپارێزی رووسی لەو ناوچەیەی ململانێ لەسەره‌ بڵاو دەبنەوە.