پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی پێكده‌هێنن

kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

زیاتر لە دوو ساڵە وەزاره‌تی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی گفتوگۆی ھاوبەشە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراق بۆ ئاسايیکردنەوەی ناوچە كوردستانيیەكانى ده‌ره‌وه‌ی ئيدارەى هەرێم بە ئامانجى بەڕێوەبردنێکی ھاوبەشی سەربازی لەو ناوچانە؛ بەڵام حکومەتی عێراق ناچێتە ژێر باری ڕێکەوتنێکی نووسراو.

وا بڕیارە لە کۆبونەوەی داھاتووی لیژنەکانی ھەماھەنگی، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەنە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەسەر دانانی خاڵی ئەمنى ھاوبەش لە ناوچە كوردستانيەكانى دەرەوەى ئيدارەى هەرێم و جێبەجێكردنى رێككەوتنامەكه. ھەردوولاش لە بارەی کردنەوەی ناوەندی ھەماھەنگی ھاوبەش گەيشتوونەته رێککەوتن و ئێستا لە بەغدا ناوەندێکی ھەماھەنگی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە.

عەمید ھەژار عومه‌ر، بەرپرسی پەیوەندی و ھەماھەنگی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: بڕیارە لەم نزیکانە ناوەندی ھەولێریش بکرێتەوە تەنھا ئەوەی ماوە بەغدا ئەفسەر بۆ ناوەندەکەی ھەولێر بنێرێت. بڕیاریشە لە بارەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و دانانی بازگە و خاڵی ھاوبەش لەم نزیکانە شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی ھەولێر بکات.

بەختیار شاوەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی: حکومەتی عێراق بەرپرسی سەرەکییە لە ڕێکنەکەوتنی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەره‌وەی ئیدارەی ھەرێم. گوتیشی: حکومەتەکانی پێشوتر و تا ئێستا ئامادە نیین مادەی 140، کە دەستورییە جێبەجێبکەن چ جا بگات بە ڕێکەوتنێکی ئەمنی. ھۆشداریشدا لە مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش لەو ناوچانە.

لیژنەی ھەماھەنگی ھاوبەشی ئەو دوو ھێزە سەردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیان کردووە و بەتایبەت دیالە و خانەقین و جەلەولا و کەرکوک.  رووپێویکی سەربازیان لەو ناوچانە کردووە و كراوه به ڕاپۆرتێک. بۆ دانانی ناوەندی ھاوبەشی سەربازیش لەو ناوچانەدا وا بڕیارە لە کۆبونەوەی داھاتووی ھەردوو لیژنەكە  بڕیارى لەسەر بدرێت.

ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەکی باڵای پێکھێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە دوای دەیان کۆبوونەوە تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکانی عێراق بە بیانووی جیاجیا ناچنە ژێر باری ڕێکەوتنێکی نووسراو لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستپێشخەرى و کارئاسانی بۆ کردوون و ئامادەی ڕێكکەوتنی ھاوبەشیشە.